Erbil 38°C پێنجشەممە 19 شوبات 00:05

عێراق له‌ هه‌مبه‌ر بوردۆمانکردنى باره‌گاکانى حه‌شدى شه‌عبى په‌نا بۆ UN ده‌بات

حه‌شدى شه‌عبى: چیر بێ ده‌نگ نابین به‌رامبه‌ر ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا
کوردستان TV
100%


لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی هێرش و بۆردوومانەكانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانە نەناسراوەكان بۆ سەر بارەگا و هێزەكانی حەشدی شەعبی بێدەنگی شكاندو رایگەیاند كە سەروەری وڵاتەكە دەپارێزن.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ده‌لێت" چەندین دیدارمان لەگەڵ باڵیۆزەكانی وڵاتان لە بەغدا ئەنجام داوە و لە هەموو دیدارەكاندا دووپاتمان لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی عێراق و سەروەرییەكەی كردووەتەوە، هەروەها هەر دەستێوەردانێكی دەرەكیشی لە كاروبارەكانی ناوخۆی وڵاتەكەمان ڕەت ده‌كه‌ینه‌وه‌.

هەروەها ئاماژەی داوە كە ڕێوشوێنی پێویست و رێكاره‌ دیپلۆماسییه‌كان ده‌گرنه‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ره‌نگاری هه‌ر كارێك ببنه‌وه‌، كه‌ سه‌روه‌ری عێراقی تێدا پێشێل بكرێت. دووپاتیشی كردووەتەوە له‌ ڕێگه‌ی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشەوە، هه‌نگاوی پێویست ده‌نێن.

له‌ لایه‌كى تره‌وه‌ هاوپەیمانیی فەتح سه‌ربه‌ حەشدی شەعبی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، کە میلیشیاکان مافی وەڵامدانەوەی ئیسرائیلیان هەیە.

لە بەیاننامەیەکدا، فەتح رایگەیاندووە، مانەوەی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق، کە باس لە پاراستنی خاکی عێراق دەکەن، هیچ پێویست نییە.

فەتح لە بەیاننامەکەیدا، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بە مافی میلیشیاکان دەزانێت و بەرپرسیارێتیی بۆردومانەکانی ئیسرائیلیش دەخاتە ئەستۆی ئەمریکا.

ئەو هاوپەیمانییە، بۆردومانکردنی بنکەکانی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بە راگەیاندنی شەڕ لە دژی گەل و سەروەریی عێراق ناو دەبات.

هه‌ر ئەمڕۆ دووشەممە ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق رایگەیاند" چیتر بێدەنگ نابن بەرانبەر بە ئامانجكردنی بارەگاكانیان لەلایەن ئەمریكا و ئیسرائیلەوە.

ئەبومەهدی موهەندیس لە دووەم لێدوانیدا لەبارەی بۆردوومانەكانی فڕۆكە بێفڕۆكەوانە نەناسراوەكان بۆ سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە عێراق، جارێكی تر هەڕەشەی لە ئەمریكا و ئیسرائیل كردەوە و رایگەیاند چیتر بێدەنگ نابن.

ئەبومەهدی موهەندیس لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا گوتی" بە ئەمریكییەكان دەڵێین كە حەشدی شەعبی بە هەموو پێكهاتەكانیەوە سەر بە حكوومەتی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە، بۆیە بێدەنگ نابین بەرانبەر ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر بارەگاكانمان".

جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی هەروەها گوتی كە هێرشەكانی سەر بارەگاكانیان روونە و ئێستە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو مووشەكانە لە كوێوە ئاراستە كراون، پارچەی مووشەكیشیان لە بەردەستدایە و بێدەنگ نابن بەرانبەر ئەو هێرشانە.

ئەبومەهدی موهەندیس داوای لە حكوومەت، ئەنجوومەنی نوێنەران و هێزە سیاسییەكانیش كرد كە هەڵوێستی خۆیان پێشان بدەن بەرامبەر بەو كەسانەی لە ئەنجامی هێرشەكانی سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی كوژراون.
 

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.