Erbil 38°C پێنجشەممە 19 شوبات 00:06

حەشدی شەعبی: بە ئەمریکییەکان دەڵێن بێ‌ دەنگ نابین لە هەمبەر بە ئامانجکردنی بارەگاکانمان

ئەبومەهدی موهەندیس: حەشدی شەعبی بە هەموو پێكهاتەكانییەوە سەربە حكوومەتی عێراقه‌
کوردستان TV
100%


جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە عێراق، ئەبومەهدی موهەندیس رایگەیاند كە بێ‌ دەنگ نابن لە هەمبەر بە ئامانجكردنی بارەگاكانیان.

ئەبومەهدی موهەندیس لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا گوتی: "بە ئەمریكییەكان دەڵێن، حەشدی شەعبی بە هەموو پێكهاتەكانییەوە سەربە حكوومەتی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە، هەروەها بێ‌ دەنگ نابین لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەكرێنە سەر بارەگاكانمان".

جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی، ئەبومەهدی موهەندیس گوتیشی: "هێرشەكەی سەر بارەگاكەمان روونە و لەئێستادا هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەكەین كە ئەو مووشەكە لە كوێیەوە ئاراستەكراوە، پارچەی مووشەكەكەمان لە بەردەستدایە و بێ دەنگ نابین بەرامبەر ئەو هێرشە".

ئەبومەهدی موهەندیس داوای لە حكوومەت، ئەنجوومەنی نوێنەران و هێزە سیاسییەكان كرد كە هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن بەرامبەر بەو كەسانەی كە لە ئەنجامی هێرشەكانی سەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی كوژراون.

جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی ئەوەشی گوت "بێ‌ دەنگبوون بەرامبەر ئەم پرسە، گوزارشتكردنە لە بێ بایەخكردنی خوێنی شەهیدان و هەوڵی رۆڵەكانمان، بەڵام لە بەرامبەر ئەو پرسە بێ دەنگ نابین، قسە بۆ گەلی عێراق دەكەین سەبارەت بەوەی لەسەر ئەرز روودەدات، هەروەها باسی ئەوە دەكەین كە هێزەكانی ئەمریكا لە كوێن و چی دەكەن، مامەڵەكركردن لەگەڵ حەشدی شەعبی بەم شێوەیە قبووڵكراو نییە لە لایەن هەر لایەنێكەوە بێت".

بەم دواییانە لە چەند هێرشێكدا، چوار بارەگای حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەكی عێراق كرانە ئامانج و تا ئێستا ئەو لایەنە ئاشكرا نەكراوە كە ئەو هێرشانەی ئەنجامداوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.