Erbil 38°C پێنجشەممە 19 شوبات 00:05

سەدر: ئەگەر ئیسرائیل هێرشەکانی سەر حەشد ئەنجام دابێت وەڵامی ئەم هێرشانە دەبێتە بوومەلەرزە بۆسەر ئیسرائیل

ئیسرائیلیه‌كانیش دەزانن كۆتاییان چۆن دەبێت لە عێراق
کوردستان TV
100%


سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند کە بەدووری دەزانێت، ئیسرائیل بەرپرس بێت لە بۆردومانكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە نزیك سنووری عێراق لەگەڵ سووریا، هەروەها داوا دەکات ئەگەر بەسەرپەرشتی نێودەوڵەتیش بێت، بەپەلە لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەوبارەیەوە بكرێت.

موقتەدا سەدر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر كاردانەوەی نیشانداوە سەبارەت بە هێرش و بۆردومانەكانی ئەم دواییانە بۆسەر بارەگاكانی حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەكی عێراق.

سەركردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر نووسیوویەتی "هیچ کات ئیسرائیلی دوژمن، بێ بەری ناكەم لەو كردەوە تیرۆریستییانەی کە لە عێراق ئەنجامی دەدات، بەڵام دڵنیام لەوەی کە ئیسرائیل هەنگاوێكی لەوشێوەیە نانێت (بۆردومانكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی)، ئەگەر ئیسرائیل هێرشەكانی سەر حەشدی شەعبی ئەنجام دابێت، ئەوا دەبێت بزانێت وەڵامی ئەم هێرشانە دەبێتە بوومەلەرزە بۆسەر ئاسایش و هەژموونی ئیسرائیل،  ئیسرائیلیه‌كانیش دەزانن كۆتاییان چۆن دەبێت لە عێراق".

موقتەدا سەدر داوای لە حكوومەتی عێراق كرد كە بەپەلە لێكۆڵینەوەیەكی ورد لەبارەی هێرش و بۆردومانەكانی سەر حەشدی شەعبی بكات، تەنانەت ئەگەر لێكۆڵینەوەكە بە سەرپەرشتی لایەنێکی نێودەوڵەتییش بیت.

سەركردەی رەوتی سەدر ئەوەشی گوتووە "هەركات ئەوە یەكلایی بوویەوە كە ئیسرائیل ئەو هێرشانەی ئەنجامداوە، داوا لە سەرجەم لایەنەكان دەكەم لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆببنەوە و دانیشتنێك ساز بكەن، بەڵام نابێت گەندەڵكاران و ئەوانەی رێكکەوتنی ئەمنیان لەگەڵ ئەمریكادا واژوو كردووە تیایدا بەشدار بن، بۆ ئەوەی بڕیارێك بدرێت كە لە میاندا عێراق و عێراقییەكان تیایدا نەبنە قوربانی".

موقتەدا سەدر بە پێویستی زانیوە، چەك تەنها لە دەستی دەوڵەتدا بێت و سەرجەم كۆگاكانی چەك و تەقەمەنی رادەستی دەوڵەت بكرێن، بەپێچەوانەوە عێراق رووبەڕووی مەترسییەكی گەورە دەبێتەوە.

لە كۆتاییدا سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر جەختیكردووەتەوە لەسەر پاراستنی سنورەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەتایبەتی سنوورەكانی لەگەڵ سووریا، داواشی كردووە سەرجەم گرووپە چەكدارانی عێراق لە سووریا، بكشێندرێنەوە.

ئەم تویتەی موقتەدا سەدر دوای ئەوە دێت، بەم دواییانە لە چەند هێرشێكدا، چوار بارەگای حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەكی عێراق كرانە ئامانج و تا ئێستا ئەو لایەنە ئاشكرا نەكراوە كە ئەو هێرشانەی ئەنجامداوە.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.