مەحما خەلیل قایمقامی شنگال ڕایدەگەیەنێت، بەرنامەی ڕفاندنی كچان و مێرمنداڵان لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە)وە بەردەوامە و بەشێك لە خێزانی ڕفێندراوەكانیش لە ترسی ژیانیان، ناتوانن سكاڵا تۆمار بكەن.
مەحما خەلیل، ڕاشیگەیاند" بەرنامەی ڕفاندنی منداڵان و مێرمنداڵان لەلایەن پهكهكهوە لە سنووری شنگال بەردەوامە، بە شێوەیەكی نهێنی لە خێزانەكانیان دەیانڕفێنن و فێری بەكارهێنانی چەكیان دەكەن، ئەمەش دژی مافی مرۆڤە و دەستدرێژیكردنە بۆ سەر ژیانی کوردانی ئێزدی".
مەحما خەلیل بۆ باس باسی لەوەش کرد، بەشێك لە خێزانی ڕفێندراوەكان تەنانەت دوای ڕفاندنی ڕۆڵەكانیشیان، ناتوانن بێن و سكاڵا بكەن، لەبەر ئەوەی لەلایەن پەکەکەوە مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەبێت".
قایمقامی شنگال، گوتیشی" لەبارە گلەیی و گازاندەی ماڵباتی ڕفێندراوەكان، ڕێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، كۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان ئاگادار كراونەتەوە".
هاوكات ئەم كارانەی پەكەكەی بە ئاستەنگ لە پێش ئاسایش و ئاوەدانكردنەوەی دەڤەرەكە لەقەڵەم دا و بە پێویستی زانی هێزە بیانییەكان لەناو شنگال دەربكرێن و ئاسایش سەقامگیر بكرێت.
ناوبراو ئەوەشی نەشاردەوە کە دۆخی شنگال ئاڵۆزە و دۆخێکی باش نییە، لایەنەكانیش بۆ ئامانج و بەرژەوەندیی خۆیان لەوێ كار دەكەن و هەر كەسێك سەر بەوان نەبێت، توندوتیژیی بەارمبەر دەكەن".
جەختیشی كردەوە كە تەنیا بە دەركردنی هێزە بیانییەكان و هاتنی هێزێكی هاوبەش كە لە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و سوپا و هاوپەیمانان پێک بێت، دۆخی شنگال چارەسەر دەكرێت.
لە دوای ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە، میلیشیاکانی عێراق و هێزەکانی پەکەکە بە تەواوی دەستیان بەسەر شنگالدا گرتووە و بە جۆرەها شێوە، خراپەکاری بەرامبەر بە کوردانی ئێزدی لەو دەڤەرە دەکەن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.