Erbil 38°C پێنجشەممە 28 ئایار 08:55

ئیتالیا: بەردەوام دەبین لە پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی و سەربازی بۆ هەرێمی کوردستان

مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە کونسووڵی گشتیی ئیتالیا کرد
کوردستان TV
100%

هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، پێشوازیی لە کونسووڵی گشتیی ئیتالیا، خاتوو سێرێنا مۆڕۆنی کرد. بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سوپاس و پێزانینی سەرکردایەتیی پارتیی گەیاندە بەرێزیان بۆ ئەو کۆمەک و ھاوکارییە مرۆیی و ئابووری و سەربازییانەی حکوومەت و گەلی ئیتالیا پێشکەشی ھەرێمی کوردستانیان کردووە.

سیوەیلی لەسەر دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە بەگشتی و عێراق و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی بۆ شاندی میوان دوا. بەڕێزیان کاری لەپێشینەی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ شاندی میوان شی کردەوە و ڕایگەیاند، کاری لەپێشینەی حکوومەت چاکسازی لە دامودەزگاکانیدایە، بە جۆرێک کە بتوانێت کاروبار کۆمەڵگا ئاسانتر و خێراتر بکات. 

لەگەڵ ئەوەشدا چاکسازی دارایی لە کەرتی گشتیدا دەکرێت، بەمەش دەتوانێت زیاتر خزمەت بە خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات، کەمێک باری داراییی حکوومەت سووکتر دەکات. لە درێژەی ئەو دیدارەدا، سیوەیلی باسی لە بارودۆخی سیاسی و ئەمنی و ئابووریی ھەرێم لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ کرد کە بە قۆناغێکی گرنگ و هەستیاری زانی و گوتی، گرنگە هەمووان بە بەپرسیارەتییەوە مامەڵە بکەن و هەوڵی تەواو بدەین تاکو کێشە هەڵواسراوەکان چارەسەر بکەین لەسەر بنەمای دەستوور.

دەربارەی پەیوەندییەکانی نیوان هەولێر و بەغداد، سیوەیلی ڕاگەیاند، بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی هەرێم وەکو کەرکووک و شنگال و بەشەبودجەی هەرێم، یاسای هەڵبژاردن و گرفتەکانی دیکە خاڵێکی گرنگی گفتوگۆکانی نیوان هەردوولایە، ئەگەر چارەسەر بکرێن ئەوە خاڵێکی وەرچەرخان دەبێت و ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان پشتیوانیی تەواو لە هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ دەکەین بۆ ڕێککەوتن لەسەر بنەمای دەستوور. 

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە کێشە سیاسییەکانی ناوچەکەی بە گرفت و کاریگەر لەسەر هەرێمی کوردستان وەسف کرد و ئاماژەی پێ دا، ئابڵوقەی ئابووریی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران گاریگەریی نەرێنیی لەسەر ناوچەکە هەیە و هیوادارین لەوە زیاتر پەرە نەسێنێت. ئاڵۆزبوونی زیاتر، نەهامەتیی زیاتر لەگەڵ خۆی دێنێت. لەو دیدارەدا چەند بابەتێکی تری هەنووکەیی باسیان لێ کرا.

خاتوونی مۆرۆنی پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ڕایشیگەیاند، کە بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی هاوکاریی مرۆیی و سەربازی بە عێراق و هەرێمی کوردستان. 

ھیوایشی خواست کابینەی نوێ لە کارەکانیدا سەرکەتوو بێت و کێشەکانی نێوان بەغدا و ھەولێریش بەپێی دەستوور چارەسەر بکرێن. کۆنسووڵی گشتیی ئیتالیا پاڵپشتیی حکوومەتی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی گیانی ئاوارەکان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند، نابێت پەنابەران و لێقەوماوان بەزور بگێڕدرێنەوە بۆ زێدی خۆیان، لە کاتێکدا کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەیە، ئێمە داوا دەکەین هەماهەنگیی تەواو لەنێوان حکوومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا هەبێت، تاکو ئاوارەکان بتوانن بە ئازادی بگەڕێنەوە و پارێزگاری لە کەرامەت و سەر و ماڵیان بکرێت و خزمەتگوزارییە سەرەتایییەکانیان پێشکەش بکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.