ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە محەمەدی حاجی مەحموود سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان کرد.
سکرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکی کوردستان ئومێدى بە کابینەی نوێی حکومەت هەیە و گوتیشی پشتیوانیی هەنگاوەکانی حکومەت دەکەن بۆ گەشەپێدانی ئابووریی هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە حکومەت بە بێ جیاوازی خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکات، لە هەمان کاتدا هاووڵاتیانیش هاوکاری حکومەت بن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە کارنامەکەی جێبەجێ بکات.
مەسرور بارزانی هەروەها گوتی یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی حکومەت گرنگیدانە بە کەرتی کشتوکاڵ و بەرهەمی ناوخۆیی.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر گفتوگۆکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکانیان بەردەوامن و پێشکەوتن و لەیەکتێگەیشتن ھەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.