وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى جەختى کردەوە پێویستە ڕێنماییەکانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا بەشێوازێک دابڕێژین ڕێگر بێت لەچونە دەرەوەى سامانى نیشتیمانى وڵاتەکەمان و زۆرترین دەرفەتیش بۆ خوازیاران دەستەبەر بکەین. دوپاتیشیکردەوە سەرجەم دەرچوانى زانکۆکان ئەوانەى تا ئێستا دانەمەزراون بەبێ ڕەچاوکردنى ساڵانى دەرچون و خزمەت دەتوانن داواکارى بۆ ماستەر پێشکەش بکەن.
ئەو جەختکردنەوەى د.ئارام محەمەد قادر، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، ئەمڕۆ سێشەممە لەمیانەى سەرپەرشتیکردنى کۆبونەوەى داڕشتنەوە و پێداچونەوە بە ڕێنماییەکانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان هات، کە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرانى گشتى وەزارەت و یاریدەدەرى سەرۆکى زانکۆکان بۆ کاروبارى زانستى ئامادەیبون.
لە وتەیەکدا وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتیى" پێداچونەوە بە ڕێنمایەکانى خوێندنى باڵا ماستەر و دکتۆرا دەکەین، بەشێوەیەک بۆ ئەمساڵى خوێندن بتوانین ئەم ڕێنماییانە بە باشترین شێوە ئامادەبکەین لەو پێناوەى زۆرترین دەرفەت بۆ خوازیاران دەستەبەر بکەین.
وەزیرى خوێندنى باڵا زیاتر وتیشى" ئەم ڕێنماییانە بۆ کواڵێتى کۆرسەکان و توێژینەوەکانیشە بۆ ئەوەى توێژینەوەکان بچنە ئاستێکى باڵاتر و لە گۆڤارە زانستیە ئاست بەرزەکانى دونیا بڵاو بکرێنەوە، ئەمانەش بۆ ئەوەن بتوانین ئاستى زانکۆکانمان زیاتر بەرەوپێش ببەین لە روى زانستى و ئەکادیمى، هەروەک داواى لە یاریدەدەرانى سەرۆکى زانکۆکان بۆ کاروبارى زانستى کرد: پێویستە مۆدێل و ستایڵى گفتوگۆى ماستەر و دکتۆرا گۆرانکارى بەسەردا بکرێت، بەشێویەک لەگەڵ بنەما زانستییە نێودەوڵەتییە مۆدێرنەکان بگونجێن و گفتوگۆکان لەئاستێکى زانستى و باڵا بەڕێوەببردرێن.
هەر لەو کۆبونەوەکەدا بەخستنەڕوى دیدو بۆچونى زانستى، گفتوگۆیەکى ورد لەبارەى داڕشتن و پێداچونەوە بە ڕێنماییەکانى خوێندنى ماستەر و دکتۆرا لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان کرا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.