Erbil 38°C پێنجشەممە 28 ئایار 02:38

حکومەتی هەرێم: لەگەڵ ئەوە داین ئاوارەکان ئارەزوومەندانە بگه‌رێنه‌وه‌ ناوچه‌کانى خۆیان

حکوومەتی هەرێم پاڵپشتی هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان و هیومان رایتس وۆچ دەکات
کوردستان TV
100%

سەرۆکی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی سەر بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەسەر دوو راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هیومان رایتس وۆچ روونکردنەوە دەدات.

بەم دواییانە بابەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان پاش رزگارکردنی ناوچەکانیان لەدەستی داعش بووەتە مژاری سەرەکیی زۆرینەی رێکخراو و لایەنە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە هەردوو رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و هیومان رایتس وۆچ لە رێکەوتی ٢و٤ی ئەیلولی ٢٠١٩ لە دوو راپۆرتی جیادا باس لەوە دەکەن کە هەوڵێک هەیە بۆ بە زۆر گەڕاندنەوەی ئاوارەکان لە هەندێک کەمپەکان، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی ئەنبار، کەرکوک، سەڵاحەدین و نەینەوا.

سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان پاش رزگارکردنیان لەدەستی داعش د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: "حکومەتی هەرێم لەگەڵ ئەوە دایە هەموو ئاسانکارییەک پێشکەش بکرێت بۆ مەبەستی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان" بەڵام دانیشتوانی بەشێک لەو ناوچانە بەهۆی ناسەقامگیری بارودۆخی ئەمنی و بوونی مینی چێندراو لەو ناوچانە ئەستەمە بتوانن بە ئاسوودەیی بگەڕێنەوە. 

بۆیە سەرەتا پێویستە ئەو ناوچانە لەو مینە چێندراوانە پاک بکرێنەوە و سەرەتاییترین خزمەتگوزارییەکانیان لە ئاوی پاک، فریاکەوتنی سەرەتایی، خوێندن و کارەبایان بۆ دابین بکرێت پاشان بگەڕێنەوە. 

لە لایەکی دیکەشەوە ژمارەیەکی زۆر شانەی نوستووی داعش لەو ناوچانە بوونیان هەیە و مەترسیان بۆ رەوشی ئەمنی و سەقامگیری ناوچەکە دروست کردووە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا نەبوونی هیچ سەرچاوەیەکی داهات بۆ ژیان کردن یەکێک لەسەرەکیترین رێگرییەکانە لەبەردەم گەڕانەوەی خەڵک بۆ ناوچەکانیان".

د.دیندار زێباری راشیگەیاند: "رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێم بە پاڵپشتیی ئاژانسە نێودەڵەتییەکان بەتایبەتی ئەو ڕێکخراوانە کە لە کەمپەکان بوونیان هەیە یارمەتیدەر بوونە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بەبێ جیاوازیی ئایین و نەتەوە و بە ئارەزوومەندانە. بڕیاری گەڕانەوە یاخود نەگەڕانەوە دەکەوێتە ئەستۆی خودی ئاوارەکان و دواتر دامودەزگا پەیوەندیدارەکان ڵوکالی کارئاسانیان بۆ دەکات بەتایبەت ئەگەر دڵنیا بوونەوە لەوەی کە هیچ هەڕەشە و مەترسییەک بۆسەر ژیانیان بوونی نییە".

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان و هیومان رایتس وۆچ دەکات لەوەی کە پێویستە بارودۆخی ئەمنی ئەو ناوچانە جێگیر و سەقامگیر بیت و زەمینەیەکی لەبار بڕەخسێنرێت پێش گەڕانەوەی ئاوارەکان و بۆ ئەم مەبەستە پێویستە هەماهەنگییەکی کارا هەبێت لە نێوان حکوومەتی هەرێم و پارێزگاکان و پێکەوە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەڕووی هاوبەشی لە زانیاری و ستراتیجیەتی نوێ بۆ پێشخستنی گیانی پێکەوەژیان نێوان پێکهاتەکانی ئەم ناوچانە و دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست".

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.