ئەمڕۆ شەممە 21 ى 9 ى 2019 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری دهۆک زەنگی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا
بهبۆنهى ساڵی نوێی خوێندن لهوتارێكدا مهسرور بارزانى سهرۆك وهزیرانى ههرێمی كوردستان رایگهیاند ، خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە زەنگی دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2019-2020 لێدەدەم و دەسپێکردنی ئەمساڵی خوێندن رادەگەیەنم، بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنان بۆ دەخوازم.
مهسرور بارزانى وتیشى ، یەکێک لە ئەرکە گرنگ و لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیدانە بە پەروەردە و خوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابخانەکانمان بە تایبەتی قوتابخانە حکومییەکان.
دەقی وتارەکەی مهسرور بارزانى سهرۆك وهزیرانى ههرێمی كوردستان
خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرە زەنگی دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2019-2020 لێدەدەم و دەسپێکردنی ئەمساڵی خوێندن رادەگەیەنم ، بەو بۆنەیەوە پیرۆزباییتان لێدەکەم و هیوای سەرکەوتنان بۆ دەخوازم .
بێگومان وەبەرهێنان لە خوێندن و توانای مرۆیی و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و زانست و دابینکردنی پێداویستیەکانی خوێندنی هاوچەرخ، هەروەها رۆڵی ئەرێنی خێزان و دایک وباوکان لە پێگەیاندنی جگەرگۆشەکانمان هۆکاری زۆر گرنگ و سەرەکین بۆ پێشخستنی بواری پەروەدە و فێرکردن و بەدیهێنانی ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەکانمان .
یەکێک لە ئەرکە گرنگ و لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گرنگیدانە بە پەروەردە وخوێندن و بەرزکردنەوەی ئاستی قوتابخانەکانمانە بە تایبەتی قوتابخانە حکومییەکان . هەروەها هەوڵدەدەین پێداویستییەکانی خوێندنێکی سەردەمیانە دەستەبەر بکەین . وەک دروستکردنی قوتابخانەی تازە چونکە بە پێیی بەداواچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان، هەرێمی کوردستان پێویستی بە 3500 پۆلی دیکە هەیە بۆ ئەوەی لە کێشەی چەند دەوامی رزگاری بێت و قوتابییە خۆشەویستەکانیشمان لە قوتابخانەی شیاودا بخوێنن. لێرەدا بە پێویستی دەزانم داوا لە سەرمایەدار و وەبەرهێنەرانی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بکەم کە رۆڵێ نیشتمانپەروەرانەی خۆیان بگێڕن و لە م هەڵمەتە گرنگەی کردنەوەی قوتابخانەی نوێ بەشداربن.
وەک دەزانن هەرێمی کوردستان لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی شەڕی تیرۆریستانی داعش و بارودۆخێکی سەختی ئابووری بووەوە . بەڵام خۆشبەختانە سەرباری ئەو دۆخە نالەبارەش بەڵام پرۆسەی خوێندن بەردەوام بوو . بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسێکی گەرمی مامۆستایانی بەڕێز بکەم بۆ خۆڕاگری و قوربانیدانیان کە نەیانهێشت کاروانی خوێندن بوەستێت . حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەموو هەوڵێکی دەخاتەگەڕ بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و رەخساندنی دەرفەتی لەبار وگونجا بۆ گەشەپێدانی کەرتی پەروەردە و خوێندن کە ئامانجی دروستکردنی نەوەیەکی داهێنەر بێت لە سەر بنەمای خۆشویستن وخزمەتکردنی نیشتمان .
جارێکی دیکەش پیرۆزبایی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنتان لێدەکەم و هیوای سەرکەونتنان بۆ دەخوازم .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.