Erbil 38°C سێشەممە 26 ئایار 02:34

نەجمەدین کەریم: دڵنیام ئه‌نجامى ڕیفراندۆم لە کاتێکی نزیک یان دووردا هەر دێتە دی

نەجمەدین كەریم: دڵنیام كەركووك لەو دۆخەی ئێستایدا نامێنێتەوە
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ چوارشەممە، نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركووك لە ساڵڕۆژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، لە پەیامێكدا پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی كرد و ده‌ڵێت: دوژمنانی گەلەکەمان بە هاوکاری و ئاسانکاری خەڵکانێکی ناوخۆیی، پیلانگێڕییان بۆ لە باربردنی خەونی سەربەخۆیی و قەوارەی باشووری کوردستان لە 16 ئۆکتۆبەر ئەنجامدا، کە بووە هۆی لە دەستدانی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان.

دەقی راگەیێندراوەکەی نەجمەدین کەریم:

هاونیشتمانییانی ئازیزی کەرکووک و کوردستان

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان

پێشمەرگەکانی پاراستنی خاک و نیشتمان

دوو ساڵ پێش ئێستا لە رۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە 25-9-2017 پرۆسەی گشتپرسی (ریفراندۆم) بۆ سەربەخۆیی لە باشووری کوردستان، کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان ئەنجامدرا. 

لەم پرۆسەیەدا کە زۆر شەفافانە و بە چاودێری چەندین رێکخراو و کەسایەتی نێودەوڵەتی و هەرێمی و ناوخۆیی بەڕێوەچوو، تێیدا زۆرینەی رەهای خەڵکی کوردستان و کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان، بە (بەڵێ) خواستی خۆیان بۆ سەربەخۆیی کوردستان دەربڕی.

بەڵام وەک هەمیشە، دوژمنانی گەلەکەمان بە هاوکاری و ئاسانکاری خەڵکانێکی ناوخۆیی، پیلانگێڕییان بۆ لە باربردنی خەونی سەربەخۆیی و قەوارەی باشووری کوردستان لە 16 ئۆکتۆبەر ئەنجامدا، کە بووە هۆی لە دەستدانی کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکان، بەڵام بە ئیرادەی بەرز و خۆڕاگری هاونیشتیمانانی کوردستان و کەرکوک تواندرا ئەو قۆناغە سەخەتە تێپەڕێندرێت.

هاونیشتمانیانی ئازیز.. ئەمڕۆ لە کاتێکدا یادی دوو ساڵەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی دەکەینەوە، کە گفتوگۆکان بۆ چارەسەری پرسی کەرکوک لەنێوان حکومەتی کوردستان و عێراق هەنگاوی باشیان بڕیووە، کە ئومێد دەکرێت، ئەوەی بەهۆی تێوەگلانی خەڵکانێکی ناوخۆیی لە 16 ئۆکتۆبەر لە دەستدرا، بە باشی بەدەستی بهێندرێتەوە.

هەر بۆیە لە یادی دوو ساڵەی رێفراندۆمدا، وێڕای سوپاسگوزاریمان بۆ ئێرادەی بەرز و خۆڕاگریتان، دڵنیاشتان دەکەینەوە، کە هەنگاوەکانمان لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی بۆ پرسی کەرکووک بەردەوامە.

بەزر و پیرۆزبێت یادی دوو ساڵەی گشتپرسی لە باشووری کوردستان.

سەربەرزی و نەمری بۆ شەهیدانی پاراستنی کوردستان و کەرکووک


نووسینگەی 
د. نەجمەدین کەریم
25-9-2019

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.