Erbil 38°C دووشەممە 25 ئایار 21:23

مه‌کته‌بی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان: دەنگی کورستان پەیامی داکۆکیکردن بوو لە هەبوون و واقیعی نەتەوەییمان

مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان 56 مین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان پیرۆز ده‌كات
کوردستان TV
100%


 مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ بۆنه‌ی په‌نجا و شه‌شه‌مین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا هاتووه‌، ئەمڕۆ كاروانی شكۆمەندانەی (ئێزگەی دەنگی كوردستان) پێدەنێتە په‌نجا و شه‌شه‌مین ساڵی تەمەنییەوە، بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ستاف و بیسەرانتان دەكەین، وێرای ئومێدەواریمان بۆ بەردەوام بوونتان لە خزمەتكردن، لێشمان مسۆگەرە بۆ ساڵی داهاتوو زیاتر و بەرچاوتر لەو بوارە پەرە بە كار و بەرنامە و چالاكیەكانتان دەدەن و، هەردەم بەرپرسانە و دڵسۆزانە ئەركی سەرشانتان بەجێدەگەیەنن.

 دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی كوردستان بە بڕیار و رێنمایی (بارزانی نەمر) و سەركردایەتی شۆڕش بەر لە په‌نجا و شه‌ش ساڵ وەك دەسكەوتێكی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد كاریگەری دیاری هەبوو لەسەر بارودۆخی سیاسی و  خەباتی سیاسی و چەكداری بزووتنەوەی رزگاریخوازیمان، ئێزگەی دەنگی کورستان پەیامی داكۆكیكردن بوو لە هەبوون و واقیعی نەتەوەییمان و جۆشدانی گیانی بەرخۆدان و شۆڕشگێریی بۆ بەدیهێنانی مافەكانمان. هه‌ر له‌ په‌یامه‌كه‌ی مه‌كته‌بی سیاسیی دا هاتووه‌، ئێزگەی دەنگی کوردستان وەکو یادگارێکی زیندوو و نەمری شۆڕش و رۆژانی بەرخودان و دەنگی زوڵاڵی پێشمەرگە و بەرگری و گیانبازیی، بەدرێژایی کاروانی كار و بەخششی توانیویەتی جێدەست و پێگە و رۆڵی خۆی بسەلمێنێ لە بواری میدیایی و بزاڤی نەتەوەیی و  كوولتوری، هەروەها هەمیشە دەنگی هەقیانەتی خەڵكی كوردستان بووە بە هەموو پێكهاتە ئیتنی و ئایینیە جیاجیاكانیەوە، توانیویەتی دەنگێكی رەوا و پێشەنگ بێت لە گوزارشكردن و گەیاندنی خواست و ویستی گەلەكەمان، ئێستاش بە هەمان رێباز و پەیامی كوردایەتی و پارتایەتی و نیشتیمانپەروەرێتی بەردەوامە و وەك هەمیشە مینبەری راستبێژی و سەنگەرێكە بۆ خستنەرووی راستی و ئاوات و ئامانجەكانی خەڵكی كوردستان. لەو بۆنەیەدا جەخت لەسەر پاڵپشتی بەردواممان بۆ ئێزگەی دەنگی کوردستان دەکەینەوە و خوازیارین ھەر لەپێشکەوتندابن و شانبەشانی كەناڵەكانی دیكەی میدیایی رۆڵی ئیجابیانەی خۆتان بۆ چارەسەركردنی گیروگرفتەكان  ببینن و فاكتەرێكی ئەكتیڤی ئەو ئەرك و پەیامە پیرۆزە بن.  
 


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.