ڕۆژی یه‌كشه‌ممه 29ـی 9ـی 2019 له سه‌لاحه‌ددین سه‌رۆك مه‌سعوود بارزانی پێشوازی له یۆنیدۆس كۆنتۆڤۆنیسیۆس باڵیۆزی یۆنان له عێراق كرد.
له‌و دیداره‌دا كه ئیفتیمیۆس كۆستۆپۆلۆس كۆنسوڵی یۆنان له شاری هه‌ولێریش ئاماده‌ی بوو، باڵیۆزی یۆنان له عێراق پێزانینی هه‌بوو بۆ خه‌باتی دوورودرێژ و ڕۆڵی سیاسیی سه‌رۆك بارزانی له ئاستی عێراق و ناوچه‌كه و جیهان و له‌شه‌ڕی دژی تیرۆریستان و، هه‌روه‌ها ڕۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی له تێكشكاندنی داعش به‌رز نرخاند. سه‌رسامیی خۆیشی به سیاسه‌تی سه‌رۆك بارزانی و سه‌ركردایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یاند له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ته‌حه‌ددیات و قه‌یران و بارودۆخه دژواره‌كاندا.
له به‌شێكی تری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا بیروڕا له‌باره‌ی بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه و پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و دۆخی ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان ئاڵوگۆڕ كرا.
هه‌ر له‌و دیداره‌دا ئاماژه به بار و گوزه‌رانی جالیه‌ی كوردی له یۆنان و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان گه‌لی كوردستان و گه‌لی یۆنان درا و، جه‌ختیش له په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی یۆنان له بواره جیاجیاكاندا كرایه‌وه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.