وەزیری ھەرێم بۆ كاروباری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم رایگەیاند، لەبارەی چارەنووسی ناوچە جێناكۆكەكان بەكەركوكیشەوە لەگەڵ بەغدا دەست بەدانوستان دەكرێتەوە، گوتیشی: بە بەغدامان راگەیاندووە ناكرێت لە بارودۆخی ئێستا سەرژمێری لە كەركووك ئەنجامبدرێت.
خالید شوانی، وهزیری ههرێم له حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: كەركووك رووبەڕووی تەعریب كردنێكی بە پلان بووەتەوە و عەرەبی هاوردە گەڕێندراونەتەوە ئەو شارە، ھەوڵی زۆری گۆڕینی دێمۆگرافیای كەركووك دەدرێت و ھەوڵی بچووكردنەوەی پێگەی كورد لە كەركووك دەدرێت.
شوانی گوتیشی: لەبارەی چارەنووسی ناوچە جێناكۆكەكان بەكەركوكیشەوە لەگەڵ بەغدا دەست بەدانوستان دەكرێتەوە، بەتایبەت لەڕووی ئاسایكردنەوەی بارودۆخی سەربازی و ئەمنی و كارگێڕیی و ئەو گۆڕانكارییانەی بەسەریاندا هاتووە.
خالید شوانی، ئەوەشی راگەیاند: حكومەتی هەرێم بابەتەكەی لەگەڵ حكومەتی ناوەند باسكردوەو بڕیارە لیژنە دروستبكرێت بۆ چارەسەركردنی كۆتایی چارەنوسی ناوچە جێناكۆكەكان و لیژنەكانی ماددەی 140 كارابكرێنەوە، بۆیە یەكێكە لەو بابەتانەی پێویستە بەرنامەی بۆ دابنرێت و لەگەڵ بەغدا بكرێتە نەخشەڕێگای كرا.
خالید شوانی، سەبارەت بە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراقیش رایگهیاند: وەك كورد لە كەركووك ئێستا رووبەڕووی دوو پرۆسە دەبینەوە، یەكێكیان ھەڵبژاردن، كە ھەنگاوێكی پیرۆز نراوە كە ھەموو ھێزە كوردییەكان بە لیستێكی ھاوبەش بەشداری دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستمان بە خۆئامادەكردن و دانانی پلانە.
پرۆسەیەكی دیكە سەرژمێرییە كە بڕیارە لە كەركووك ئەنجامبدرێت، ئێمە بە راشكاوی گوتومانە ناكرێت سەرژمێری لە كەركووك ئەنجامبدرێت لەكاتێكدا بیانەوێت ئەم واقیعەی ئێستا لە كەركووك ھەیە بیسەپێنن و بیكە واقیعی راستەقینەی كەركووك، چونكە ئەو دوو ساڵە پرۆسەی بە عەرەبكردنی كەركووك دەستیپێكردوەتەوە، ئەو پرۆسەیە پڕە لە مەترسیی و دەبێ بە بەرنامە مامەڵەی لەگەڵدا بكەین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.