ئه‌مرۆ سێشه‌مه 15-10-2019 له‌دیوانى وه‌زاره‌ت د.دارا ڕه‌شید وه‌زیرى پلاندانان پێشوازى كرد له ئه‌نجومه‌نى بازرگانانى ئه‌مریكا و كوردستان له‌دیدارێكدا كه به‌یان سامى عه‌بدلرحمان نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم لە ئەمریکا ئاماده‌یى بوو باس له په‌یوه‌ندیه ئابوریه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و ئه‌مریكا كرا" به‌تایبه‌ت له‌بوارى بازرگانى و كارى كۆمپانیاكانى ئه‌و ووڵاته له‌هه‌رێمى كوردستان.
له‌به‌شێكى تر‌ى دیداره‌كه وه‌زیرى پلاندانان ئاماژه‌ى به‌كارنامه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرد كه بۆ چوارساڵى داهاتووئاماده‌یى كردوه به‌تایبه‌ت له‌بواره‌كانى ته‌ندروستى و ئاوه‌دانكردنه‌وه و په‌روه‌رده و سیسته‌مى بانكى و چاكسازى له سێكته‌ره‌كانى وه‌به‌رهێنان و ئه‌نجامدانى چاكسازى راسته‌قینه له‌دامه‌زراوه‌كانى حكومه‌ت له‌و پێناوه‌ش داواى لێ‌كردن كۆمپانیا ئه‌مریكیه‌كان ڕۆڵى زیاتر بگێرن له هه‌ماهه‌نگى كردن له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم و كۆمپانیا ناوخۆییه‌كانى هه‌رێم له‌جێبه‌جێ كردنى پرۆژه‌كان. به‌و پێیه‌ى هه‌رێمى كوردستان قۆناغى سه‌ختى تێپه‌راند له‌هاتنى داعش و برینى بودجه له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراق و هاتنى ژماره‌یه‌كى زۆرى ئاواره و په‌نابه‌ر بۆ هه‌رێم كه تائێستاش ژماره‌یه‌كى زۆر له‌و خێزانانه له‌كامپه‌كان نیشته‌جێن و حكومه‌ت خزمه‌تگوزاریان بۆ دابین ده‌كات.
دواتر د.دارا ڕه‌شید به‌گرنگیه‌وه تیشكى خسته‌سه‌ر كێبركێى كۆمپانیاكان و پێدانى پرۆژه‌كان له‌رێگه‌ى ته‌نده‌ر به‌ئامانجى زیاتر شه‌فافیه‌ت له‌جێبه‌جێ كردنیان" هه‌روه‌ك ڕاشى گه‌یاند ده‌مانه‌وێت به‌شێك له‌پرۆژه ستراتیژیه‌كان به‌هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ كه‌رتى تایبه‌ت بێت وه‌ك دروستكردنى رێگاوبانى شاره‌كانى هه‌رێم و نۆژه‌نكردنه‌وه‌یان.
له‌باره‌ى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان هه‌رێم و به‌غدادش وه‌زیرى پلاندانان ووتی لێكتێگه‌یشتنى باش هه‌یه له‌نێوان هه‌رێم و به‌غداد و هه‌وڵه‌كانیش به‌ئاراسته‌ى چاره‌سه‌رى كێشه‌كانن به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ستور ببێته بنه‌ماى نزیك بونه‌وه‌ى نێوانمان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.