بەرنامەی 'بەرەوپێشەوە' کە پڕۆژەیەکی هاوبەشی نێوان رێکخراوی هابیتات و یوئێن دی پیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانە دەستی بەکارەکانی کرد کە تیایدا ئەو پرۆگرامە بە مەبەستی ئەوە دامەزراوە تا ھەماھەنگی و ھاریکاری ئەو کۆمەڵگایانە بکات کە بە ھۆکاری قەیرانی سووریا و عێراقەوە زەرەرمەند بوون و بوودجەی پڕۆژەکەش لە لایەن پارێزگای هەولێر و دەزگای روانگەوە، جێبەجێ دەکرێت.
گوژمەی ئەو پڕۆژەیە سێ ملیۆن دۆلارە کە بۆ رەخساندنی هەلی کار تەرخانکراوە کە بریتین لە زیادکردن و دابینکردنی هەلی کار بۆ 400 کەس، هەروەها دابینکردنی مەشقی پیشەگەری بۆ 150 کەس و کۆی گشتی 550 کەس لەم پڕۆژەیە سوودمەند دەبێت.
لە میانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکەدا پارێزگاری هەولێر، فەرسەت سۆفی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە لامانەوە گرنگە ئەو هەزاران کەسەی کە زانکۆ تەواو دەکەن و ناتوانن لە کەرتی گشتی دابمەزرێن ئەوا لە کەرتی تایبەت دابمەزرێن، بۆیە بابەتی دامەزراندن یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی ئێمە و ئەوەی لە تواناماندا بێت دەیکەین، بۆ ئەوەی زۆرترین دەرفەت بڕەخسێنین، بۆیە پشتگیری هەموو پڕۆژەیەکی هاوشێوە دەکەین، جگە لەوەش ئەگەر کۆمپانیایەک داوای دامەزراندن بکات، ئەوا داوا دەکەین کە رێژەی کرێکاری خۆماڵی لەبەرچاو بگیرێت و ئەمەش یەکێکە لە پڕۆژەکانی حکوومەت بۆ بەگەڕخستنی کرێکارانی ناوخۆیی".
بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکان لە دەزگای روانگە، داستان قادر ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە کۆمپانیا بەشداربووەکان تا رۆژی ١٠ی کانوونی یەکەم داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات پڕۆژەکە بکەوێتە کار.
داستان قادر لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئامانجی سەرەکی ئێمە بریتییە لە پاڵپشتیکردنی سێ چینی کۆمەڵگا؛ ئاوارە، پەنابەر و چینی هەژاری کۆمەڵگا بۆ ئەوەی بتوانین باری ئابووری بەرزبکەینەوە و لە رێگای ئەم پڕۆژەیە پێشوازی لە 550 کۆمپانیا دەکەین و لە کۆتاییدا 50 کۆمپانیا دەستنیشان دەکرێن و سەپۆڕت دەکرێن بۆ ئەوەی 400کەس لەم کۆمپانیایانە دابمەزرێن و لانیکەم مووچەی شەش مانگیان پێ بدرێت".
داستان قادر گوتیشی: "لەم پڕۆژەیەدا تەنها کۆمپانیا خۆماڵییەکان بەشدارن کە لە هەموو سێکتەرە جیاوازەکان کار دەکەن و ئەمڕۆش یەکەم رۆژە و دەبێت تا 10 ی کانوونی یەکەم هەموو کۆمپانیاکان داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن و هەفتەیەک دوای ئەوە لیستی ناوەکان تەواو دەبێت و دەکەونە سەر کار".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.