Erbil 38°C چوارشەممە 25 شوبات 02:38

نێچیرڤان بارزانى: له‌ناوبردنى به‌غدادى، هەنگاوێکی گەورەی شەڕی دژی تیرۆره‌

پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی له‌ هاوكاری و هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام بێت
کوردستان TV
#7
100%

به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ په‌یامێكدا كوشتنى ئه‌بوبه‌كر به‌غدادى، سه‌رى ڕێكخراوى تیرۆرستیى داعش به‌ سه‌ركه‌وتنێكى گه‌وره‌ى شه‌رى دژى تیرۆر له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دات، به‌ڵام دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌وه‌ به‌ ماناى كۆتاییهاتنى تیرۆر نایه‌ت، بۆیه‌ به‌رده‌وامیى هاوكارى و هه‌ماهه‌نگیى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ نه‌هێشتنى تیرۆر و ئایدۆلۆژیاى داعش به‌ پێویست ده‌زانێت.

ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

هەرێمی كوردستان وەك بەشێكی گرنگ و سەرەكیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لەناوبردنی ئەبوبەكر بەغدادیی سەری ڕێكخراوی تیرۆرستیی داعش بە هەنگاوێكی گەورەی شەڕی دژی تیرۆر دادەنێت و پێزانینی خۆی بۆ هەوڵی ئه‌مه‌ریكا و هەموو ئەوانە ڕاده‌گه‌یه‌نێت كه‌ بە هەر شێوەیەك لە سەركەوتنی ئەو ئۆپەراسیۆنه‌دا بەشدار بوون.

كوشتنی بەغدادی دوای لەناوبردنی بەناو خەلافەتی داعش ‌هەنگاوێكی گرنگە، بەڵام ئەوە بە هیچ شێوەیەك واتای كۆتاییهاتنی تیرۆر و بیر و ئایدۆلۆژیای داعش ناگەیه‌نێت، مەترسیی بەهێزبوونەوەی جموجۆڵە تیرۆریستییەكان هێشتا زۆرە و داعش و گرووپ و هاوشێوەكانی لە ناوچەكە هێشتا لە جموجۆلدان و هەڕەشە لە ئاسایشی هەموو جیهان دەكەن، بۆیە پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی له‌ هاوكاری و هەماهەنگی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوام بێت، نەك هەر تەنیا لەڕووی سەربازییەوە، بەڵكو هەوڵ و هاوكارییەكان بەهێز بكرێن بۆ بەرەوپێشبردنی پەروەردە و كولتووری پێكەوەژیان و یەكترقبووڵكردن و لێبووردەیی و نەهێشتنی ئەو زەمینەیەی كە تیرۆر و خەڵكانی وەك بەغدادی بەرهەم دەهێنن.

هەرێمی كوردستان كە قوربانیی زۆری داوە بۆ لەناوبردنی تیرۆر، كە لە ناوچەكەی ئێمە و لە عێراق، ئێزدی و مەسیحی و موسڵمان و هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان ڕووبەڕووی تاوانە ترسناكەكانی داعش بوونەوە، ئێستاش بە هەموو شێوەیەك لە هاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی تیرۆر بەردەوام دەبێت و ڕووبەڕووی ئایدۆلۆژیا و بیری تاریكی داعشیانە دەبێتەوە، بۆ ڕێگرتن لە سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ و بەهێزبوونەوەی داعش و تیرۆر لە ناوچەكە و پاراستنی ئاسایش و ئازادی لە جیهاندا.

نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
27/10/2019

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.