”به‌ڕاستی من كه‌سێكی ته‌واو ساده‌م، نه‌مامی گوڵ ده‌چێنم، ته‌ماشای ده‌كه‌م چۆن گه‌وره ده‌بێت، له ماڵه‌وه داده‌نیشم سه‌رنجی ئاوی ڕووباره‌كه ده‌ده‌م چۆن ده‌ڕوات“
جۆرج هاریسۆن
داهێنان شاڕێگه‌یه، كه ده‌مانگه‌یه‌نێته ئاسووده‌یی ڕاسته‌قینه، كه پسپۆڕانی گه‌شه‌ی مرۆیی ناویان لێ ناوه خۆشڕهوانی Flow.
ئه‌م خۆشڕهوانییه چۆن له ناخماندا شكۆفه ده‌كات؟
كاتێك هه‌ست ده‌كه‌ین، كه ته‌واو دادهچۆڕینه ناو ئه‌و شته‌ی كه ده‌كه‌ین، ناو قووڵایی ئه‌و كاره‌ی كه ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، یان ئه‌و پرۆسه‌یه‌ی كه به‌ڕێوه‌ی ده‌به‌ین، ئه‌م قووڵبوونه‌وه و چڕبوونه‌وه‌یه، وامان لێ ده‌كات هه‌ست به كات نه‌كه‌ین، به ئه‌ندازه‌یه‌ك ئاگاییمان له كات داده‌بڕێت.
له ئه‌نجامدا فۆكسمان ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌و شته ده‌بێت، كه ئه‌نجامی ده‌ده‌ین، ئه‌و ده‌مه، ته‌نیا ئه‌و ساته هه‌ست و هۆشمان ته‌واو لێره و له ئێستادا ده‌بێت. كه گه‌یشتینه ئه‌م ئاسته‌ی هۆشیاری و ئاگایی ده‌توانین بڵێین ده‌روونمان ته‌واو له گه‌رمه‌ی ئه‌و خۆشڕهوانییهدا، وزه‌مان به‌كاره و له جۆش و تیندایه.
له دۆخی خۆشڕهوانیدا فۆكسی ته‌واو ده‌چێته سه‌ر ڕێڕه‌و و مه‌به‌ستی كار و كرده‌وه‌مان، هه‌سته‌كانمان نه‌ك ته‌نیا به‌شداران و شاد و ئاسووده‌ن، بگره له‌وه‌ش زیاتر هه‌موو هه‌سته‌وه‌ر (حه‌واس) پۆزه‌تیڤ و ئه‌كتیڤ و كاران و بۆ خۆیان سه‌رچاوه‌ی به‌پیتیی وزه و توانان له پرۆسه‌ی ئه‌و كاره‌ی، كه ده‌یكه‌ین. بۆیه هه‌ستی خۆشڕهوانی بۆڕ به هه‌سته نه‌رێنییه‌كان و كۆسپه‌كانی ناوه‌وه‌مان، وه‌كوو خه‌مۆكی و دوودڵی و ترس ده‌دات. له‌بری ئه‌وه هه‌ستی شادی و ئاسووده‌یی و مه‌ستی و سه‌رگه‌رمیمان له‌لا دروست ده‌كات، له گه‌رمه‌ی پرۆسه‌ی داهێناندا خۆمان له‌بیر ده‌كه‌ین.
به كورتییه‌كه‌ی، ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌گاته ئاستی خۆشڕهوانی، له هه‌ر كارێكدا كه به ئه‌نجامی ده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌و كه‌سه وا هه‌ست ده‌كات له‌ناو جه‌رگه‌ی شادیدایه، چونكه هه‌ست و هۆشی خۆی ته‌واو به كاره‌كه‌ی ده‌سپێرێت، ئه‌مه‌ش ئه‌وپه‌ڕی خۆشڕهوانییه.
خۆشڕهوانی كاتێك دێته دی، كه بتوانیت خۆت له‌گه‌ڵ وزه‌ی ژیاندا بگونجێنێت و تواناكانی خۆتی له‌گه‌ڵدا بسازێنیت، وزه‌ی ژیان گه‌لێك بێ سنووره و له وزه‌ی خودی مرۆڤ فراوانتره، ئه‌مجا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی خۆت له‌گه‌ڵ وزه‌ی ژیاندا گونجاند، ئیدی ئه‌و له‌گه‌ڵ خۆیدا به‌ره‌و پێشت ده‌بات.
خانمه نووسه‌ری ئه‌مه‌ریكایی، جودیت ئۆرلۆف، له كتێبه‌كه‌یدا (وزه‌ی پۆزه‌تیڤ)دا ده‌ڵێت: خۆشڕهوانی حیكمه‌تی خۆی هه‌یه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی نه‌بز و ڕیتمی خۆشڕهوانیی ژیانمان دۆزییه‌وه، ئیدی ئه‌و به ئاراسته‌ی ڕاسته‌قینه‌دا ده‌مانبات و ڕێگای داهێنانمان بۆ خۆش ده‌كات، بێ گومان ئێمه‌یش ده‌بێت له‌وه تێ بگه‌ین، كه ئه‌وه‌نده‌ی له‌تواناماندایه، هه‌ر ئه‌وه‌نده‌مان پێ ده‌كرێت، له‌وه زیاتر نابێت گوشار بخه‌ینه سه‌ر ده‌روونمان، له‌وه‌نده زیاتر داخوازیی گه‌وره‌ی به‌ده‌ر له سنووری توانای خۆمانمان نه‌بێت. ده‌نا به‌ره‌نگاری ته‌وژمی ژیان ده‌بینه‌وه، له‌مه‌شدا زیان به خۆمان ده‌گه‌یه‌نین.
هه‌ڵبه‌ته مرۆڤی داهێنه‌ر ئه‌وپه‌ڕی توانایی خۆی بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی به‌كار دێنێت، به‌ڵام گه‌لێك گرنگه بزانیت له كوێ ده‌وه‌ستیت، كه‌ی پشوو ده‌ده‌یت، كه‌ی ته‌نیا چێژ له هێمنی و ئاسووده‌یی ده‌بینیت و هیچی دیكه‌ت پێویست نییه. گه‌لێك گرنگه بزانیت كه‌ی ده‌بێت هیچ نه‌كه‌یت و ته‌نیا و ته‌نیا پشوو بده‌یت، پشوودان و ئاسووده‌یی بنه‌مای گه‌یشتنه به خۆشڕهوانی.
هونه‌ر له‌وه‌دایه بزانیت له‌گه‌ڵ ته‌وژمی ڕووباری ژیاندا مه‌له بكه‌یت، ئه‌م مه‌له‌كردنه خۆگونجاندنه له‌گه‌ڵ خودی وزه‌ی ژیاندا، خۆ ئه‌گه‌ر دژ به ته‌وژمی وزه‌ی ژیان مه‌له بكه‌یت، ماندوو و شه‌كه‌ت ده‌بیت و ناگه‌یت به جێگه‌ی مه‌به‌ست.
چۆن بتوانین وزه‌ی ناوه‌وه‌مان ئازاد بكه‌ین، چۆن بتوانین وا له‌و وزه‌یه بكه‌ین سه‌ربه‌ست و ڕه‌وان له‌گه‌ڵ ڕه‌وانیی ژیان خۆیدا به‌خوڕ بڕوات؟
به‌ر له هه‌موو شتێك هه‌ڵوێستی خۆمان به‌رامبه‌ر به ژیان ڕۆڵی سه‌ره‌كیی ده‌بینێت، دید و بۆچوونه‌كانمان به‌رامبه‌ر به ژیان بڕیارده‌ری یه‌كه‌مه، له‌وه‌ی كه چۆن سه‌رچاوه‌ی وزه‌كانی خۆمان ئه‌كتیڤ بكه‌ین، چونكه له هه‌موو حاڵه‌تێكدا ئه‌و وزه‌یه له ناخی خۆمان دایه. ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌توانین ڕێڕه‌وی وزه‌ی ژیانی ده‌ره‌وه بگۆڕین، ده‌توانین ڕێڕه‌وی وزه‌ی ناوه‌وه‌ی خۆمان بگۆڕین، ئه‌میان ته‌واو به‌ده‌ستی خۆمانه و له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆماندایه.
خۆشه‌ویستی شاڕێگای خۆشڕهوانییه
ئه‌گه‌ر ژیانی خۆمان له هه‌ستی شه‌ڕخوازانه‌ی پڕ له تووڕه‌یی و په‌ستی و ڕك و كینه ڕزگار بكه‌ین، ده‌توانین سه‌رچاوه‌كانی خۆشڕهوانیی ناخمان ئازاد بكه‌ین، وزه‌ی ناخمان ده‌بزوێت و ده‌كه‌وێته كار، پاشان له واقیعدا جێگه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی ده‌دۆزێته‌وه و له‌گه‌ڵ ته‌وژمی ژیاندا خۆی ده‌گونجێنێت، ئه‌و ساته، له‌و خۆگونجاندنه هاوسه‌نگیی (به‌لانس) له‌گه‌ڵ جیهاندا ئه‌نجام ده‌ده‌ین، كه گه‌یشتینه دۆخی به‌لانس، ئه‌و شته‌ی كه پێمان وایه نایه‌ته گۆڕان، خۆڕسكانه خۆی دێته گۆڕان، چونكه ئه‌وه‌ی كه ئێمه به نه‌رێنی و دزێوی ده‌زانین، دێته گۆڕان و چیدی نابن به به‌ربه‌ست و ڕێگر
ن/ د.فازڵ جاف
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.