Erbil 38°C ھەینی 22 ئایار 11:56

پارێزگاری هەولێر بەدواداچوون بۆ پڕۆژەکانی قەزای رواندز و چۆمان دەکات

لەگەڵ بەغدا لەسەر خەتین بۆدابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان
کوردستان TV
100%

فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێر بەیاوەری جێگری پارێزگار و شاندێك لە بەڕێوەبەرە گشتییەكان، دوای ئەوەی سەردانی سنووری قەزای رواندزی كرد و كۆمەڵێك پڕۆژەی بەسەر كردنەوە، دواتر سەردانی دیوای قائیمقامییەتی قەزای چۆمانی كرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری ناوچەكە كۆبووەوە.

پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كۆمەڵێك پڕۆژەی گرنگ لە ناوچەكە خراونەتە قۆناغی جێبەجێكردن و هەموو هەوڵێكیش دەدەن بۆ ئەوەی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان چارەسەری ئەو كەموكوڕیانە بكەن كە بوونەتە بەربەست بۆ پڕۆژەكان، بەتایبەتی هەوڵ دەدەین كار بۆ پڕۆژەكانی رێگاوبان بكەین بۆ ئەوەی پێش وەرزی بارانبارین و سەرما تەواو بكرێن.

دوای سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ دەڤەری باڵەكایەتی و گوێگرتن لە چین و توێژەكانی ئەو ناوچەیە، راستەوخۆ شاندێك لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی ناوچەكەی كرد و دواتر كۆمەڵێك پڕۆژەی ستراتیژی لە بوارەكانی (ئاوی خواردنەوەی چۆمان، رێگاوبانی گوندەكان، دەستپێكردنەوەی پڕۆژەی دووسایدی نێوان چۆمان حاجی ئۆمەران، هۆڵی بۆنەكان، راكێشانی تۆڕی كارەبای گوندی وەردە و چەند پڕۆژەیەكی دیكەی ناوخۆیی) خراونە واری جێبەجێكردن و كاری نۆژەنكردنەوەیان بۆ ئەنجامدراوە و هەندێكیش لەوانە بڕیاریان لەسەر دراوە.

سەبارەت بە دابەشكردنی نەوتی سپی بەسەر هاووڵاتییان، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: هەموو رۆژێك لەسەر خەتین لەگەڵ دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و كۆگای دابەشكردنی سووتەمەنی كەركووك، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی بەغدا، بۆ ئەوەی بەشە نەوتی سپی هاووڵاتییان بگاتە هەرێمی كوردستان و ئێمەش لەرێگای بریكارەكانی خۆراكەوە بەسەر هاووڵاتییان دابەشی بكەین.

پارێزگاری هەولێر راشیگەیاند: هەركاتێك بەشە نەوتەكە گەیشت، لە ناوچە سنوورییەكانەوە دەست بە دابەشكردنی دەكەین.

 سەبارەت بە گۆرانكاری لە پۆستە ئیدارییەكانی سنووری قەزا و ناحیەكان، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: بەدڵنیاییەوە گۆرانكاری گشتی دەكرێت لە قۆناغی داهاتوو، ئەمەش حاڵەتێكی یاسایی و ئاساییە لە حكومڕانیدا و هەر شتێك لە بەرژەوەندی گشتی بێت ئێمە دەیكەین.

گووتیشی: هانی كۆمپانیاكان و سەرمایەداران دەدەین بۆ ئەوەی لە بوارەكانی كشتوكاڵی و گەشتوگوزار  و تەنانەت پیشەسازیش وەبەرهێنان لەم ناوچەیە بكەن، ئێمەش لای خۆمانەوە بەهەموو شێوەیەك هاوكار و یارمەتیدەریان دەبین، چونكە ناوچەكە لە بواری گەشتوگوزار و كشتوكال زۆر دەوڵەمەندە و پێویستە ئاوڕی جددی لێ بدەینەوە.

 

ئا/ كەریم سمكۆ - چۆمان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.