ئەمڕۆ دووشەممە پاش کۆبوونەوەی نێوان مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و شاندێکی کۆنگرێسی ئەمریکا، هەردوولا لە پرێس کۆنفرانسێکدا ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان خستە روو.
لەمبارەوە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێمە ئەمریکا بە دۆست و هاوپەیمانی خۆمان دەزانین و ئەوان لە شەڕی دژی تیرۆردا بەردەوام پشتیوانی ئێمە بوون ئێمە ستایشی ئەو ڕۆڵەی ئەوان دەکەین".
مەسرور بارزانی لەبارەی پێشهاتەکەنای ئەمدوایەی سووریا ڕایگەیاند: " ئێمە هیوادارین ڕەوشێکی وا بێتە ئاراوە کە بەرژەوەندیی کوردیشی تێدا بێت."
لەبارەی مەترسییەکانی داعش ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو نیگەرانییانەی ئێمە لەبارەی سەرهەڵدانەوەی داعش زۆر جیدین و دەزانین پێش کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی چەندین هێرشی مەترسیداریان ئەنجام داوە".
گوتیشی: "تیرۆریزم هێشتا مەترسییەکی جیدییە لە عێراق و هەموو دونیا، لەبەر ئەوە ئێمە پێکەوە باسی ئەوەمان کرد کە چۆن پێکەوە دەتوانین هاوکار بین بۆ ئەوەی دژایەتیی تیرۆر بکەین و پێکەوە باسی ئەوەمان کرد کە لەو دۆخەی کەلە ناوچەکە هەیە چەند نیگەرانین و ئەوانیش لەسەر زۆربەی ئەو بابەتانە لەگەڵ ئێمە هاوڕا بوون".
مەسرور بارزانی گوتیشی: "ئەمریکا بەردەوام بە ئێمەیان گوتووە وەکوو هاوپەیمان بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی هەرێمی کوردستان".
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەموارکردنەوەی دەستووری عیراق گوتی: "هەموارکردنەوەی دەستوور ڕێگەی خۆی هەیە و لە دەستووردا باسی ئەم پرسە کراوە و هەر بەندێکی دەستوور پێویستی بە هەموارکردنەوە هەبێت، دەبێ لەسەر ئەو میکانیزمە بێت کە تێدا هاتووە، لەوێشدا هاتووە ئەگەر هەرێمی کوردستان و زۆرینەی سێ پارێزگا لەسەر بەندێکی دەستوور ڕازی نەبن، ئیدی همەوارکردنەوەی تێناپەڕێت، لەبەر ئەوە ئێمە پابەندیی خۆمان بە دەستوور و ئەو میکانیزمەی لە دەستووردا هاتوون، دووپات دەکەینەوە و هەر لەسەر ئەوەش دەڕۆین"
لەمبارەوە ئادەم سمیس، سەرۆکی شاندەکەی کۆنگریسی ئەمریکا ڕایگەیاند: "ئەمریکا بەردەوام پشتیوانی کوردی کردووە و هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی گرنگی ئێمەیە".
ئاماژەی بەوەش کرد: خەریکە ئیدارەی ترەمپ لە سیاستەکانی پەشیمان دەبێتەوە و دەمانەوێت متمانەی ئەمریکا بۆ کورد بگەڕێنینەوە".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.