سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزى پێشمه‌رگه، له‌گه‌ڵ و فه‌رمانده و پلهدارنى وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه كۆبووه.
نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك یه‌كێك له كاره له‌پێشینه‌كانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان، جه‌خت له پرۆسه‌ى چاكسازى له وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه ده‌كاته‌وه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كانى سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه ڕاده‌سپێرێت كه لیژنه‌ى تایبه‌ت بۆ به‌دواداچوونى پرۆسه‌كه پێك بهێنن و هه‌نگاوى كرده‌یى له ڕێكخستنه‌وه‌ى بواره‌كانى كارگێڕى و یاسایى و داڕشتنه‌وه‌ى په‌یكه‌رى وه‌زاره‌ت و هێزه و پێكهاته‌كانى پێشمه‌رگه‌دا بنرێن.
به‌رێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و فه‌رمانده‌ى گشتیى هێزى پێشمه‌رگه، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 11/11/2019 له سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ت و فه‌رمانده و پلهدارنى پێشمه‌رگه كۆبووه بۆ ئه‌وه‌ى له نزیكه‌وه ئاگادارى دوایین هه‌نگاوه‌كانى پرۆسه‌ى چاكسازى له وه‌زاره‌ت و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه بێت.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان جێگرانى سه‌رۆك و وه‌زیر و فه‌رمانده و پله‌دارانى پێشمه‌رگه ئاماده بوون، به درێژى تاوتوێى ئه‌و هه‌نگاوانه كرا كه له چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى چاكسازیى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌دا تا ئێستا بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه نراون و تیشك خرایه سه‌ر ئه‌و گیروگرفتانه‌ى دێنه به‌رده‌م پرۆسه‌كه، هه‌روه‌ها چه‌ندین پێنشیار و تێبینى بۆ خێراكردن و سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌كه خرانه ڕوو.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سوپاسى هاوكارى و پشتگیریى هاوپه‌یمانان به‌تایبه‌تى ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا كرا كه بۆ سه‌رخستنى پرۆسه‌كه له نزیكه‌وه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه كار ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها بڕیار درا كۆبوونه‌وه‌ى ده‌ورى بۆ به‌دواداچوون و سه‌رخستنى پرۆسه‌كه ئه‌نجام بدرێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.