ته‌له‌ڤیزیۆن یه‌كێكه له ئامێره ئه‌لیكترۆنییه به‌ربڵاوه‌كانی جیهان كه رۆژانه مرۆڤ زانیاری و هه‌واڵ له‌م ئامێره‌وه به‌ده‌ست ده‌خات، هاوكات بینه‌ری به‌رنامه و فیلم و دراماكان ده‌بێت. هه‌ریه‌كه له وێنه‌گرتن، رادیۆ و سینه‌ما رێخۆشكه‌ربوون بۆ داهێنانی ئامێری ته‌له‌ڤیزیۆن، ئه‌و ئامێره‌ی كه بووه‌ته به‌شێكی سه‌ره‌كی ژیانی رۆژانه‌ی مرۆڤ.
بیرۆكه‌ی دروستكردنی ته‌له‌ڤیزیۆن ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1884 له‌لایه‌ن زانای ئه‌ڵمانی پاوڵ نیپكۆوه بوو، له ساڵی 1892 زانای ئه‌مریكی فیلۆ فارنزرۆز هه‌نگاوێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵنا له داهێنانی ته‌له‌ڤیزیۆن، له ساڵی 1897 زانای ئه‌ڵمانی كارل برۆن شاشه‌یه‌كی له شووشه بۆ گواستنه‌وه‌ی سیگناڵی ئه‌لیكترۆنی زیاد كرد. له ساڵی 1900 زانای رووسی كۆنستانتین پێرسكی له كۆنفرانسێكدا ره‌شنووسێكی به‌ناوی ته‌له‌ڤیزیۆن پێشكه‌ش كرد، له ساڵی 1908 قۆناغیكی نوێ له ته‌له‌ڤیزیۆن له‌سه‌ر ده‌ستی ئلین كامبڵ نه‌خشه‌یه‌كی نوێ بۆ دیتنی دوور و روونی له‌سه‌ر ئامێر هاته كایه‌وه، له ساڵی 1909 ماكیس دیكامن له زانكۆی میونشن له ئه‌ڵمانیا سێ ئامێری ته‌له‌ڤیزیۆنی دروستكرد، له ساڵی 1911 ته‌له‌ڤیزیۆن هاته دونیاوه. له ساڵی 1926 یه‌كه‌مین نمایشی ته‌له‌ڤیزیۆنی له‌به‌رده‌م 40 ئه‌ندامی په‌یمانگای شاهانه‌ی ئه‌ڵمانی نمایشكرا و یه‌كه‌مین په‌خشی ته‌له‌ڤیزیۆنی له ساڵی 1930 له نیویۆرك به‌شێوه‌ی ره‌ش و سپی نمایشكرا.
وه‌ك دانپێدانانێك به كاریگه‌ریی گه‌وره‌یی ته‌له‌ڤیزیۆن له‌سه‌ر دروستكردنی بڕیار له رێگه‌ی سه‌رنجڕاكێشانی رای گشتی بۆ ئه‌و ململانێ و هه‌ڕه‌شانه‌ی كه رووبه‌ڕووی ئاشتی و ئاسایشی جیهانیی ده‌بنه‌وه و رۆڵی چاوه‌ڕوانكراوی ته‌له‌ڤیزیۆن له زیاتر تیشك خستنه‌سه‌ر بابه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی دیكه، وه‌ك بابه‌ته‌كانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی، كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به بڕیاری (51/205 له 17ی دیسه‌مبه‌ری/1996) بڕیاریدا به‌ده‌ستنیشانكردنی رۆژی 21ی تشرینی دووه‌می هه‌موو ساڵێك وه‌ك رۆژی جیهانیی ته‌له‌ڤیزیۆن.
رۆژی جیهانیی ته‌له‌ڤیزیۆن بۆ رێزگرتن نییه له ته‌له‌ڤیزیۆن وه‌ك ئامێرێك، به‌ڵكو بۆ رێزگرتنه له‌و فه‌لسه‌فه‌یه‌ی كه ئه‌م ئامێره ده‌ری ده‌بڕێت، ته‌له‌ڤیزیۆنیش له ئێستادا بووه‌ته هێمای په‌یوه‌ندی و گه‌یاندن و جیهانگه‌رایی له جیهانی هاوچه‌رخدا.
له رۆژانی 21 و 22ی تشرینی دووه‌می ساڵی 1996، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان یه‌كه‌م كۆڕبه‌ندی جیهانیی ده‌رباره‌ی ته‌له‌ڤیزیۆن به‌ست، تیایدا گه‌وره شاره‌زایانی بواری راگه‌یاندن به‌سه‌رپه‌رشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كۆبوونه‌وه بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر گرنگیی رۆڵی ته‌له‌ڤیزیۆن له جیهانیی ئه‌مڕۆی گۆڕاودا و چۆنیه‌تی پته‌وكردنی هاوكاری هاوبه‌ش، هه‌ر بۆیه‌ش كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بڕیاریدا رۆژی 21ی تشرینی دووه‌م وه‌ك رۆژی جیهانیی ته‌له‌ڤزیۆن ده‌ستنیشان بكرێت.
سه‌رچاوه / Kurdistan CT
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.