دوای دۆزینەوەی تەرمی مامۆستایەکی ئایینی لە شاری هەولێر، پۆلیسی هەولێر روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوەو تیایدا ڕایدەگەیەنێت کە بە گوێرەی راپۆرتی پزیشکی دادی هیچ شوێنەوارێکی لێدان و گوللە یان هەر هۆکارێکی دیکە بەسەر جەستەی ئەو کەسەوە دیار نەبووە.
ڕوونکردنەوەکەی پۆلیسی هەولێر لە بەشێکیدا هاتووە" دوای ئاگادارکردنەوەمان لەلایەن پاسەوانانی شوقەکانی زانیاری لە بوونی تەرمێک لە شوقەکەیان کاتژمێر (١١:٣٠)بەیانی رێککەوتی٢٠١٩/١١/٢١ دەستبەجێ تیمی لێکۆلینەوەی بنکەی پۆلیسی خانەقا لەگەل تیمی بەڵگە و تاوان گەیشتنە شوێنی رووداو دواتر تەرمەکە رەوانەی پزیشکی دادی کرا".
پۆلیسی هەولێر ڕاشیدەگەیەنێت " دوای پشکنین و توێکاریکردنی تەرمەکە دەرکەوت کە تەرمەکە کەسێکە بەناوی (یوسف احمد محمد) لەدایکبووی ١٩٧٨خەڵکی کەرکووک".
ڕوونیشیدەکاتەوە کە بە گوێرەی راپۆرتی پزیشکی دادی دەردەکەوێت کە ھیچ شوێنەوارێکی گوللە و لێدان یان ھەر ھۆکارێکی تر بە جەستەوەیەوە دیار نەبووە و گیان لەدەستدانەکەشی تەنیا کەوتنە خوارەوە له شوێنێکی بەرزەوە بووە".
پۆلیسی هەولێر جەختدەکاتەوە کە پەڕاوی لێکۆلینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە و لەھەر پێشھاتێکی لێکۆلینەوەکان روونکردنەوە دەخەنە ڕوو.
یوسف ئەحمەد شێخ بزێنی، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی حاجی عاسی بوو لە گەڕەکی تەپەی شاری کەرکووك، هاوکات مامۆستای زانکۆی کەرکووک و دواناوەندی حەمرین بووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.