Erbil 38°C سێشەممە 19 ئایار 20:54

هێزه‌ ئه‌منییه‌کانى ئێران 48 خۆپیشانده‌ر له‌رۆژهه‌ڵاتى کوردستان ده‌کوژن

لە شارەکانی کرماشان، جوانڕۆ، مەریوان، سنە و ئیسلام شەهر
کوردستان TV
100%


رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانى مرۆڤ بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌دوای یه‌ك هه‌فته‌ لە خۆپێشاندانەکانی شارەکانی ئێران و  رۆژهه‌ڵاتى کوردستان بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕێن بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ، هێشتا لە زۆربەی شارەکانی هێڵەکانی ئینتەرنێت و تەلەفوون کێشەی هەیە و زانیارییەکی تەواو لە سەر ژمارەی گیانبەختکردووەکان و دەستبەسەر کراوەکان دەست نەکەوتووە.

ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات دوای 7 رۆژ و بەپێی ئەم ڕاپۆرتە کە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە، لە ماوەی خۆپێشاندانەکانی هه‌فته‌ی ڕابردوودا لانیکەم 48  هاووڵاتیی کورد لە شارەکانی کرماشان، جوانڕۆ، مەریوان، سنە و ئیسلام شەهر گیانیان بەخت کردووە.

 لەم ڕاپۆرتەدا تەنیا ناوی ئەوانە هاتووە کە ناوی تەواویان هەیە و ئەوانەی کە هەنگاو پشتڕاستی دەکاتەوە لە ناو ئامارەکەدا هەژمار کراون کە بەو پێیە زیاترین خۆپێشاندەران لە شارەکانی کرماشان و مەریوان گیانیان لە دەست داوە.

 

کرماشان (28  حاڵەت)

بە پێی ڕاپۆرتێک کە لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە لە شاری کرماشان بە هەنگاو گەیشتووە، لە خۆپێشاندانەکانی ئەو شارە28  هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە.

هەتا ئێستا ناسنامەی 8 کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە کە بەشێوەی خوارەوەیە؛

1_ محەمەد میرزایی 2_ نادربیژەنوەند 3_ مەزهەر زەهیری 4_ یونس عزەتی 5_ بورهان مەنسور نیا (خەڵکی مەریوان) 6_ عەبدوڕەحمان شیرزادی 7_ سەجاد باقری 8_ موستەفا فەرزامی

 

 مەریوان (10 حاڵەت)

لە خۆپێشاندانەکانی مەریوان دا زیاتر لە 10 کەس گیانیان لە دەست داوە. تەرمی 8 کەسیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان کراوەتەوە کە هەتا ئێستا ناسنامەی 6 کەسیان بۆ هەنگاو ڕوون بووەتەوە و بە شێوەی خوارەوەیە؛

1_ عوسمان نادری (خەڵکی نۆدشە) 2_ مێهران تاک 2_ دانیەل ئوستواری (خەڵکی نۆدشە) 4_ ئیدریس بێوارە 5_ ئاریەن ڕەجەبی 6_ بێهرووز مەلەکی (خەڵکی سنە)

تێبینی (1): پێشتر ناوی “شاهۆ وەلیدی” ناو لیستی گیانبەختکردووان بڵاو کرابوویەوە کە دوای بەدواداچوونەکانی هەنگاو و پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەکەی، دەرکەوت کە ناوبراو گیانی لە دەست نەداوە، بەڵام بە سەختی بریندار بووە.

تێبینی (2): ناوی چووکەی دوو کەسی دیکە لە مەریوان کە دەکوترێ گیانیان لە دەست داوە بۆ هەنگاو ئاشکرا بووە، بەڵام هەتا دەست کەوتنی زانیاری ورد و جێگای باوەڕ، لە بڵاوکردنەوەی ناوەکان خۆدەبوێرین.

 

جوانڕۆ (6 حاڵەت)

هەروەک پێشتر ڕامانگەیاندووە، سەرچاوەیەکی ئەمنی لە کرماشانەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاندووە کە لەپارێزگای کرماشان سەرجەم 34 کەس گیانیان لە دەست داوە. لەو ڕێژەیەش 28 کەس لە کرماشان و 6 کەسیش لە جوانڕۆ گیانیان لە دەست داوە.

ناسنامەی تەواوی ئەو  5 کەسیان خەڵکی کە بۆ هەنگاو ڕووون بووەتەوە بە شێوەی خوارەوەیە؛ 

1_ کاوە محەمەدی 2_ یونس هوشەنگی3_ ئیبراهیم مورادی 4_ موبین عەبدوڵڵاهی (خەڵکی ڕوانسەر) 5_ جەبار تجارە 

تێبینی (3): پێشتر ناوی “سەلمان ڕەحمانی لە ناو لیستی گیانبەختکردون بڵاو کرابوویەوە. دوای بەدواداچوونێکی زۆر دەرکەوت کە سەلمان ڕۆژی پێنج شەممەی حەفتەی پێشوو و ڕۆژێک پێش خۆپێشاندانەکان لە شاری ئەهواز تەرمەکەی لە هۆتێلێک دۆزراوەتەوە و هەتا ئێستا هۆکاری مردنەکەی ڕوون نەبووەتەوە.

تێبینی (4): پێشتر ناوی “عەزیز” لەناو لیستی گیانبەختکردوانی جوانڕۆ بڵاو کرابوویەوە. هەنگاو لە چەند سەرچاوەوە زانیویە کە “عەزیز” هەمان “یونس هووشەنگی” یە کە فەرمانبەری شارەوانی و نابیست و لاڵ بووە.

تێبنی (5): هێندیک لە ماڵپەڕەکان ناوی "حەمزە نەقدی"ییان وەکوو یەکێک لە گیان بەختکردوان بڵاو کردووەتەوە، کە هەتا ئێستا بۆ هەنگاو پشتڕاست نەکراوەتەوە.

سنە (2 حاڵەت)

رێكخراوی هه‌نگاو ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كات كه‌ بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە پێمان گەیشتووه‌، لە خۆپێشاندانەکانی ڕۆژی شەممەی شاری سنە دوو خوێندکار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران کوژراون کە هەتا ئێستا ناسنامەیان بۆ هەنگاو ڕوون نەبووەتەوە.

راشیده‌گه‌یه‌نن قوتابیه‌كی زانکۆی ئازادی سنە لە پەیوەندییەکدا لەگەڵ هەنگاو ڕایگەیاند کە، خۆی گیان لە دەستدانی ئەو دوو خوێندکارەی بە چاوی خۆی بینیوە کە یەکێکیان کچ و خەڵکی سەقز بووە و بە هۆی بەرکەوتنی گوللەی گازی فرمێسک ڕێژ سکی هەڵدڕاوە و هەر لەوێ گیانی لە دەست داوە.

رێكخراوی هه‌نگاو ده‌شڵێت ، چەند سەرچاوەش باس لە گیان لە دەست دانی هاووڵاتییەکی دیکە دەکەن و سەرچاوەیەکیش دەڵێ کە ئەو کەسە بە هۆی ناجێگیر بوونی باری تەندروستییەوە بۆ تاران گوازراوەتەوە. هەر بۆیە لەم ڕاپۆرتەدا ناوی ٢ کەسمان هێناوە.

 

تاران (1 حاڵەت)

لە خۆپێشاندانەکانی شاری تاران، ژنێکی تەمەن 50 ساڵی خەڵکی سەقز بە ناوی “مینا شێخی” گیانی لە دەست داوە.

 

ئیسلام شەهر (1 حاڵەت)

موحسن جەعفەرپەناه، تەمەن 31 ساڵ و خەڵکی شاری بیجاڕ سەر بە پارێزگای سنە، لە خۆپێشاندانەکانی شاری ئیسلام شەهر سەر بە پارێزگای تاران گیانی لە دەستد اوە.

 

بۆکان

پێشتر باس لەوە کرابوو کە لە شاری بۆکان 4 کەس کە ناوی چووکەی 3 کەسیان شلێر، ئیدریس و هیوا ڕاگەیەندرابوو، گیانیان لە دەست داوە.

هه‌روه‌ها هەنگاو راشیده‌گه‌ێنێت كه‌ هەوڵ دراوە کە زانیاری زیاتر لەوبارەوە بە دەست بێنین، لەو ڕووەوە کە هەتا ئێستا زانیاری تەواوی دەست نەکەوتووە، هەوڵ دەدەین بەدواداچوونی زیاتر بکەین و هەر بۆیەش لەم ڕاپۆرتەدا هیچ حاڵەتێک لە شاری بۆکان هەژمار نەکراوە.

 

له‌كۆتادا رێكخراوی هه‌نگاو هەنگاو رایده‌گه‌ێنێت ، گیانی لە دەست دانی ئەم 48 کەسە پشتڕاست دەکاتەوە و ئەگەری زۆر ژمارەی گیانبەختکردووان لە داهاتوودا بۆ سەرووی 50  کەس بەرز بێتەوە.


دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.