گفتوگۆکان قۆناغێکی گرنگ و پێشکەوتوویان بڕیوە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24/11/2019 مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا تایبەت بە پرسی نەوت و بودجەی 2020 کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا شاندی حکومەتی هەرێم دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو، شاندەکە ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا قوناغێکی گرنگ و پێشکەوتوویان بڕیوە و لە کەشێکی ئەرێنی بەڕێوەدەچن، شاندەکە ئەو پرنسیپانەی خستەڕوو کە لە ئەنجامی سەردانەکە گەڵالەبوون و دەبنە بنەمایەک بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بابەتەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2020 بە جۆرێک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا لەبەرچاو بگیرێت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت لە بەرامبەر پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان.
شاندەکە دووپاتی کردەوە کە پرۆسەی گفتوگۆ بە ڕێنمایی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هەردوولا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی باش لەسەر بابەتەکانی جێی گفتوگۆ و سبەی دووشەممە 25/11/2019 بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان شاندەکە دەچێتەوە بەغدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.