وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن پڕۆژەکانی سنوری گەرمیانی بەسەرکردەوەو جەخت لە ھەرچی زووه تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەو تەواوکردنی رێگای وارماوا دەربەندیخان و سلێمانی کەلار دەکاتەوە.
ئەندازیار دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێ کردن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە میانی بەسەرکردنەوەی پرۆژەکانی سنوری سلێمانی تا گەرمیان رایگەیاند، نۆژەنکردنەوەی رێگای وارماوا دەربەندیخان پرۆژەیەکی گرنگە بەلای حکومەتی ھەرێمەوەو کارکردن تیایدا بەردەوامەو بەشێکی باشی تەواو کراوە، تەئکیدمان لەسەر ھەرچی زووی تەواوکردنی پرۆژەکە کردەوە.
سەبارەت بە رێگای دەربەندیخان-کەلار ، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن وتی: «پڕۆژەی دەربەندیخان کەلار پرۆژەیەکی گرنگە کە دووسایدیکردنی رێگایەکەیەو كاری باشی تێداکراوە، ھیوادارین ھەموو ئەو کارانەی پێویستە لە رووی ھونەرییەوە وەک خۆی جێبەجێ بکرێ، بەڵێندەریشمان ئاگادار کردوەتەوە بۆ ئەوەی زوو پرۆژەکە تەواو بکرێت و وەک وەزارەتیش چی پێویست بێت بۆ چارەسەری کێشەو گرفتەکانیان بۆیان چارەسەر دەکەین.
لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بە تەواوکردنی نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان شارەکان لە وادەی خۆیدا، ئەندازیار دانا عەبدولکەریم وتی: «نۆژەنکردنەوەی رێگای نێوان شارەکان کاری باشی تێدا کراوەو بەپێی ئەو راپۆرتانەی ھەفتانە بۆمان دەگەڕێتەوە ٪90ی نۆژەنکردنەوەی رێگاکان تەواو کراوەو لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کە 15/12/2019یە نۆژەنکردنەوەی رێگاکان تەواو دەکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، پلانی چوار ساڵەمان ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران کردوەو لە پلانەکەدا تیشکمان خستوەتەسەر دوسایدکردنی رێگای نێوان شارەکانی ھەرێمی کوردستان، بەمەبەستی پاراستنی سەلامەتی ھاوڵاتیان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.