ئەمڕۆ شەپۆلێکی بەفربارین سنووری حاجی ئۆمەرانی گرتەوەو تا ئێستاش نزیکەی 25 سانتیمەتر بەفر باریوە.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی کۆمەڵگەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەم شەپۆلە بەفربارینەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانی گرتۆتەوە، نزیکەی 25 سانتیمەتر بەفر لە مەرزی حاجی ئۆمەران باریوە، بەڵام ئاستەنگی هاتووچۆی لە سنوورەکەمان دروست نەکردووە.
گووتیشی: تیمەکانی بەفرڕاماڵین لە سنووری هەرێمی کوردستان بەردەوام خەریکی ڕاماڵینی بەفرن و ڕێگاکان پاکدەکەنەوە، جموجۆڵی بازڕگانی و هاتووچۆی گەشتیاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لەمەرزی حاجیئۆمەران بەردەوامی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لەدیوی ئێران تیمەکانی بەفرڕاماڵین کەمێک سستن لەکارکردن، بۆیە بزاوتی بازرگانی وەکو ڕۆژانی ڕابردوو نییە و کەمێک سستە.
لەنێو سەنتەری حاجی ئۆمەرانیش ئەم شەپۆلە بەفرە نەبۆتە هۆکاری پەکخستنی پڕۆسەی خوێندن و ناوەندەکانی خوێندن لەم سنوورە لە دەوامی ئاسایی خۆیان بەردەوامن.
هاوکات بەپێی ئاماری هۆبەی کەشناسی لە بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی چۆمان ئەمساڵ 103 ملیمەتر باران لە سنوورەکەیان باریوە.
کەریم سمکۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.