سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆكی كوتلە سیاسیەكان تاووتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی وڵاتیان كردووە، تەئكیدكراوەتەوە لەسەر گرنگی پابەندبوون بە ماوە دەستوورییەكان بۆدیارییكردنی سەرۆكوەزیرانی نوێ.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرۆكی كوتلە سیاسیەكانی بەشدار لە پەرلەمانی عێراق كۆبوەوە، تاووتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی وڵاتیان كردووە، تەئكیدكراوەتەوە لەسەر گرنگی پابەندبوون له ماوە دەستوورییەكان بۆدیارییكردنی سەرۆكوەزیرانی نوێ.
لهم بارهیهوه پەڕلەمانتارێكی هاوپەیمانی فەتح پێشبینی كرد، لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا یان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، كاندیدی سەرۆك وهزیران ڕابسپێردرێت، جەختیشی لەسەر قورسی پڕۆسەكە كردەوە.
عەباس زاملی، پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاندووە: هەڵبژاردنی كاندید بۆ سەرۆكایەتی وەزیران پڕۆسەیەكی زۆر قورسە، بەو پێیەی بەشێوەیەكی گشتی هەر كەسێك ڕابسپێردرێت، پەرچە كرداری شەقامی بەدوادادێت، لەئێستاشدا هەموو هێزە سیاسییەكان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، كە نابێت كەسێتییەك بۆ ئەو پۆستە كاندید بكرێت، كە لە ساڵانی ڕابردوودا پۆستی هەبوبێت.
زاملی دهڵێت: لێرەوە دەبێت كهسایهتیهك بدۆزرێتەوە تا پۆستەكە پڕبكاتەوە، بەجۆرێك لە هەموو عێراقدا كەسێتییەكی پەسەندكراوبێت و لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا هیچ پۆستێكی وەرنەگرتبێت، بە هەمان شێوە ڕەچاوی خەمخۆری مەرجەعیەش دەكرێت لەڕووی یەكلاكردنەوەی پرسەكە، كە دەبێت بەپێی ئەو ماوە دەستورییە بێت، كە دیاری كراوە.
بەپێی دەستووری عێراق لەدوای پەسندکردنی دەستلەکارکیشانەوەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دەبێت سەرۆککۆمار لە ماوەی 15 رۆژدا کەسێک لە گەورەترن فراکسیۆنی پەرلەمان راسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، ئەو کەسەی بۆ پێکهێنانی حکومەت رادەسپێردرێت دەبێت لەماوەی مانگێکدا ناوی وەزیرە بەربژێرکراوەکانی بخاتە بەردەم پەرلەمان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.