زیندانێکی نهێنیی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی ئاشکرا دەبێت، کە خۆپیشاندەرانی رفێندراوی تێیدا زیندانی کراون.
رووانگەی ناوەڕاست بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەنتەری عێراقی بۆ بە بەڵگەکردنی تاوانەکان، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، بڵاویان کردووەتەوە، كه زیندانە نهێنییەکە کەوتووەتە ناو باخچەیەکی سەر رێگای خێرای دۆرە و بەغدا.
بهپێى ههوالێكى باس، ئەو دوو رێکخراوە لە بەدواداچوونەکانیاندا، کە پشتیان بە زانیارییەکانی کەسێکی ئازادکراو لەو زیندانە بەستووە، گەیشتوونەتە ئەو راستییەی کە زیندانەکە نهێنییە و لەلایەن هەواڵگریی حەشدی شەعبییەوە بەڕێوە دەبرێت.
لەو زیندانەدا، چەکدارانی حەشدی شەعبی زیاتر لە 300 خۆپیشاندەری رفێندراویان زیندانی کردووە، کە ژنیشیان تێدایە و لە بارودۆخێکی مرۆیی زۆر خراپدا دەژین.
دوای دروستبوونی خۆپیشاندانەکان، چەکدارانی ئەو میلیشیایە بەردەوام چالاکوان و رێکخەرانی خۆپیشاندانەکان دەڕفێنن و دەکوژن.
خۆپیشاندانەکان لە رۆژی 2-10-2019ـەوە لە بەغدا و زۆربەی شارەکانی عێراق دژی گەندەڵی و نەبوونی خزمەتگوزاری، دەستیان پێ کرد.
بەهۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژی، زیاتر لە 400 هاووڵاتی و کارمەندی ئەمنی گیانیان لەدەست داوە و زیاتر لە 16 هەزاری دیکەش بریندار بوون، جگە لە کەمئەندامبوونی 700 کەس و ژمارەکانیش بەردەوام لە بەرزبوونەوە دان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.