به ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، یادی ڕۆژی ئاڵا له قوتابخانه‌ی دیاربه‌كری بنه‌ڕه‌تی كچان به‌رز ڕاگیرا.
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه له قوتابخانه‌ی دیاربه‌كری بنه‌ڕه‌تی كچان له شاری هه‌ولێر به ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و دكتۆر ئالان حه‌مه‌سه‌عید وه‌زیری په‌روه‌رده و دكتۆر فرسه‌ت سۆفی پارێزگاری هه‌ولێر، مه‌راسیمی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاڵای كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
له مه‌راسیمه‌كه‌دا چه‌ند چالاكییه‌ك له لایه‌ن قوتابیانی قوتابخانه‌ی دیاربه‌كره‌وه پێشكه‌ش كرا و هاوكات به سروودی نیشتیمانی ئه‌ی ڕه‌قیب هه‌ر ماوه قه‌ومی كورد زوبان ئاڵای كوردستان به‌رز كرایه‌وه.
له مه‌راسیمه‌كه‌دا سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان وتارێكی پێشكه‌ش به قوتابیان و ئاماده‌بووان كرد و ڕایگه‌یاند: خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ به‌شدارم له هه‌ڵكردنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان.
ڕاشیگه‌یاند: ئاڵای كوردستان سیمبولی به‌رخودان و تێكۆشانی میله‌تێكه، كه ساڵه‌های ساڵه خه‌بات ده‌كات بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه ڕه‌واكانی و له ژێر سێبه‌ری ئه‌و ئاڵایه‌ش به تێكڕای پێكهاته‌كانه‌وه خه‌باتمان كردووه هه‌ر له شۆڕشی ئه‌یلول و دوای شۆڕشی ئه‌یلولیش بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانمان.
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: ئه‌مه ئه‌مانه‌تێكی به‌هێزه و ده‌بێت به په‌رۆشه‌وه ئه‌و ئاڵایه هه‌ڵبكه‌ین و ده‌شبێت ئێوه ئه‌و ئاڵایه بگه‌یه‌نن به نه‌وه‌كانی داهاتوو.
ده‌قی وتاره‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
خۆشحاڵم ئه‌مڕۆ به یاوه‌ری وه‌زیری په‌روه‌رده و پارێزگاری هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی په‌روه‌رده‌ی هه‌ولێر و به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م قوتابخانه‌یه و له‌گه‌ڵ ئێوه‌ی خۆشه‌ویست به‌شدارده‌بم له مه‌راسیمی هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان.
خۆشه‌ویستان..
ئه‌م ئاڵایه سیمبوولی به‌رخودان و خه‌بات و تێكۆشانی میلله‌تێكه كه ساڵه‌های ساڵه خه‌بات ده‌كات بۆ ئازادی، سه‌ربه‌خۆیی و یه‌كسانی و بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانی به‌ده‌ستبهێنێت. له‌ژێر سێبه‌ری ئاڵای كوردستان، كوردستانیان به‌یه‌كه‌وه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان خه‌باتیان كردووه. هه‌ر له شۆڕشی ئهیلوول و دوای شۆڕشی ئه‌یلوولیش هه‌موو پێكه‌وه خه‌باتیان كردووه بۆ یه‌ك ئامانج بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی گه‌لی كوردستان به تێكڕای پێكهاته‌كانیانه‌وه.
ئه‌م ئاڵایه ئه‌مانه‌تێكی پیرۆزه له‌سه‌ر شانی ئێوه كه نه‌وه‌ی داهاتوون بۆ ئه‌م وڵاته و ده‌بێت به په‌رۆشه‌وه ئه‌م ئاڵایه هه‌ڵبگرن و ئه‌و په‌یامه‌ی كه خۆشه‌ویستانی ئێمه پێشتر خه‌باتیان بۆ كردووه و هه‌وڵیان بۆ داوه، ئینشائه‌ڵڵا بیگه‌یێنن به‌و شوێنه‌ی كه میلله‌تی ئێمه ساڵه‌های ساڵه خه‌باتی بۆ كرد و قوربانی بۆدا. ئه‌م ئه‌مانه‌ته له‌ده‌ست ئێوه‌ی خۆشه‌ویستدایه، ئێوه نه‌ته‌وه‌ی داهاتوون له‌ژێر ئه‌م ئاڵایه ده‌بێت به چه‌كی خۆفێركردن و به خوێندن، به‌جیدی و به په‌رۆشه‌وه به‌ره‌و ئاینده بچن. دڵنیام له‌وه‌ی ئێوه ئه‌م ئه‌مانه‌ته به باشی هه‌ڵده‌گرن و رایده‌گرن. دوای خۆشتان راده‌ستی نه‌وه‌ی دوای خۆتان ده‌كه‌ن.
له‌م رۆژه پیرۆزه‌دا ده‌مه‌وێت یادی هه‌موو ئه‌و خۆشه‌ویستانه بكه‌ینه‌وه، یادی ئه‌و شه‌هیدانه بكه‌ینه‌وه كه له‌پێناو رزگاری میلله‌ته‌كه‌مان و وڵاته‌كه‌مان خوێنیان به‌خشی سه‌ریان نواند بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه ئه‌و رۆژه به سه‌ربه‌رزیی ببینین و بتوانین له وڵاتی خۆمان له هه‌ولێر و شوێنه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له سایه‌ی خه‌بات و به‌رخودانی خوێنی ئه‌و خۆشه‌ویستانه ئێمه بتوانین ئاڵای كوردستان هه‌ڵكه‌ین.
سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ هه‌موو ئه‌و شه‌هیدانه داده‌نه‌وێنین و هیوای زوو چاكبوونه‌وه بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین، رێز و خۆشه‌ویستی خۆمان بۆ هه‌موو ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه له كاروانی خه‌باتی دوور و درێژی ئه‌م وڵاته خه‌باتیان كردووه و ئێستا له ژیاندا ماون، لێره‌وه به‌ناوی ئێوه‌وه سڵاویان بۆ ده‌نێرین.
سڵاو بۆ دایكی شه‌هیدان ده‌نێرین و پێیان ده‌ڵێین ئه‌و ئاڵایه به ئه‌ماناته‌وه هه‌ڵده‌گرن، به ئه‌مانه‌یشه‌وه كاری بۆ ده‌كه‌ن. به خوێندن و به فێربوون و به زانست ئه‌م وڵاته ئاوه‌دان ده‌كه‌نه‌وه و به‌ره‌و پێشی ده‌به‌ن. خۆشه‌ویستان ئه‌م رۆژه له هه‌مووتان پیرۆزبێت له گه‌لی كوردستان پیرۆزبێت و له ئێوه‌ش پیرۆزبێت."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.