له رێوڕه‌سمێكدا به ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له وه‌زیره‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسان له كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور، به‌ردی بناغه‌ی بنكه‌ی بووژاندنه‌وه‌ی جه‌سته‌یی دانرا و بڕیاره له میانی بیست مانگی داهاتوودا ته‌واو بكرێت.
له رێوره‌سمه‌كه‌دا، جێگری سه‌رۆكی كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور، رۆبێرتوس دڕۆوین تیشكی خسته‌سه‌ر كاره‌كانی بنكه‌كه و گوتی: "ئه‌م بنكه‌یه چه‌ند خزمه‌تگوزارییه‌كی پێویست و ناوازه بۆ ئه‌و كه‌سانه پێشكه‌ش ده‌كات كه كێشه‌ی جه‌سته‌یی و فیزیكیان هه‌یه، هه‌روه‌ها ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن كه پێویستییان به ئامرازه‌كانی جووڵه هه‌یه، بووژانه‌وه یان هه‌ر شێوازێكی دیكه‌ی پشتگیری كه یارمه‌تییان بدات له ژیانی رۆژانه‌یان دا".
گوتیشی: "به‌پێی ئاماره‌كانی رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی، نزیكه‌ی نیوه‌ی دانیشتووانی عێراق پێویستییان به خزمه‌تگوزاری جه‌سته‌یی هه‌یه، ته‌نها له هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی ٣٥ هه‌زار كه‌س له رووی جه‌سته‌ییه‌وه خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌تن و پێویستییان به چاودێری گونجاو هه‌یه وكه له‌و ژماره‌یه‌ش ١٠ هه‌زار كه‌سیان له هه‌ولێرن، به‌م بنكه‌یه نوێیه ده‌توانین به‌شێوازێكی نوێ پێشه‌نگ بین له پێشوازیكردنی نه‌خۆش و خزمهتگوازرییهكانهوه به تایبه‌ت ئه‌و منداڵانه‌ی كه نه‌خۆشی ئیفلیجیبوونی مێشكیان هه‌یه".
هه‌روه‌ها سامان به‌رزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، گوتی: "ئه‌م پڕۆژه‌یه گرنگ و ستراتیجییه له رووی ته‌ندروستییه‌وه بۆ خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ت و كه‌مئه‌ندامان به مه‌به‌ستی راهێنانه‌وه و شیاندنه‌وه‌ی جه‌سته‌یی به تایبه‌تی بۆ ئه‌و چین و توێژانه‌ی له‌ساڵانی رابردوودا تووشی كه‌مئه‌ندامی بوون به‌تایبه‌ت ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی له‌میانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ تیرۆریستان تووشی ئیفلیجی و كه‌مئه‌ندامی بوون و ده‌توانن لێره سوود له خزمه‌تگوزارییه‌كان ببینین و كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سوور له‌ماوه‌ی رابردووش‌دا خزمه‌تێكی گه‌وره‌ی ئه‌م بواره‌یان كردووه و كاری چاكیان كردووه له رووی راهێنان و دابینكردنی ئه‌مبوڵانس و ده‌رمانی پێویست بۆ نه‌خۆشخانه‌كان و ئاواره و په‌نابه‌ران كه پێویستیان به تیمی گه‌ڕۆك هه‌یه".
هاوكات فه‌رسه‌ت سۆفی ، پارێزگاری هه‌ولێر، ده‌ستخۆشی له كۆمیته‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی خاچی سووری كرد و جه‌ختی لهوهیشكردهوه كه ده‌بێت هه‌موولایه‌ك خزمه‌تگوزارییه‌كان بۆ كه‌مئه‌ندامان دابین بكه‌ن و گوتی: "به‌هۆی ئه‌و جه‌نگه‌ی له‌ماوه‌ی رابردوودا رووبه‌ڕوومان بووه‌ته‌وه ژماره‌یه‌كی زۆر خه‌ڵك تووشی كه‌مئه‌ندامیی بوون و پێویستییان به‌م جۆره سه‌نته‌رانه هه‌یه و زۆر پێویستمان به‌و كاره هه‌یه كه ئێوه كردتان، هیوادارم به‌رده‌وام بن له دابینكردنی پێداویستییه‌كان و تهجهیزكردنی باڵه‌خانه‌كه تاوه‌كو بتوانین باشترین خزمه‌تگوازری پێشكه‌ش به خاوه‌ن پێداویستییه تایبه‌ته‌كان بكه‌ین كه ئه‌وانیش پێویستیان به ئێمه هه‌یه".
خزمه‌تگوزارییه‌كانی بووژانه‌وه‌ی جه‌سته‌یی بریتیین له په‌لی ده‌ستكرد، كورسی چه‌رخدار و ئامرازه‌كانی جووڵه، خزمه‌تگوزاری پێی چه‌ماوه كه شێوازێكی پۆنسێتی تێدا به‌كاردێت له‌گه‌ڵ پشتگیریكردنی بنكه‌كانی دیكه‌ی پێی چه‌ماوه و خولی راهێنان بۆ ئه‌و دایك و باوكانه‌ی كه منداڵه‌كانییان ئیفلیجن و چه‌ندین خزمه‌تگوزاریی دیكه له پێناو باشتركردنی دۆخی كه‌مئه‌ندامان.
بنكه‌ی بووژاندنه‌وه‌ی جه‌سته‌یی ده‌كه‌وێته خۆرئاوای شاری هه‌ولێر و باڵه‌خانه‌ی بنكه‌كه له‌سه‌ر رووبه‌ری ١٤ هه‌زار و ٦٣٠ مه‌تر دووجا بونیاد ده‌نرێت به گوژمه‌ی پێنج ملیۆن و ٢١٨ هه‌زار و ٦٥٢ دۆلار و چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له سه‌ره‌تای مانگی ته‌مووزی ساڵی ٢٠٢١ ته‌واو بكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.