دوای ئه‌وه‌ی له ژێرگوشاری خۆپیشانده‌ران و مه‌رجه‌عیه‌تی شیعه له عێراق عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه، تا ئێستا نه‌تواندراوه كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دیاری بكرێت، ئه‌مه‌ش بووه‌ته جێگای نیگه‌رانی خۆپیشانده‌ران و له به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كاندا ئه‌مڕۆ دروشمی دژ به سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌رزر كرابوونه‌وه.
هه‌روه‌ها خۆپیشانده‌رانی گۆڕه‌پانی ته‌حریر له ناوه‌ندی به‌غدا، ره‌خنه‌یان له سه‌رۆككۆمار به‌رهه‌م ساڵح و سه‌رۆكی په‌رله‌مان محه‌مه‌د حه‌لبوسی گرت، كه نه‌یانتوانیوه یه‌كێك له كاندیده‌كان ده‌ست نیشان بكه‌ن بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ.
به‌پێی ئه‌و گرته ڤیدیۆییانه‌ی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیدا بڵاوبوونه‌ته‌وه، خۆپیشانده‌رانی به‌غدا هوتافی "به‌رهه‌م و حه‌لبوسی، نۆره‌ی ئێوه‌یه" ده‌ڵێنه‌وه.
هه‌روه‌ها به‌پێی ده‌ستووری عێراق، پێویسته سه‌رۆك كۆمار له ماوه‌ی 15 رۆژدا ئه‌ركی پێكهێنانی حكوومه‌ت بسپێرێت به كاندیدێك، ئه‌و ماوه‌یه‌ش له كاتژمێر 24:00ی دوێنێوه ته‌واوبووه.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.