له وتاری هه‌فته‌ی پێشوودا، گوتم كاریزما ته‌نیا له‌سه‌ر سیاسه‌تمه‌داران و سه‌ركرده سیاسییه‌كان تاپۆ نییه، ده‌شزانم زۆربه‌مان به‌و شێوه‌یه له كاریزما تێگه‌یشتوون، به‌پێچه‌وانه‌وه، كاریزمای زۆربه‌ی سیاسه‌تمه‌داران كاتییه، یان هه‌ر له بنه‌چه‌وه راستینه نییه، چونكه پێوه‌سته به پۆست و پله و پایه‌یان له ده‌سه‌ڵاتدا، هه‌ر كاتێك له پۆسته‌كانیان نه‌مان، كاریزماشیان كۆتایی پێدێت.
ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمه كاریزمای خۆڕسكه، ئه‌و كاریزمایهیه، كه له كه‌سێتیی هه‌موو مرۆڤێكدا هه‌یه، به‌ڵام چۆن بیدۆزینه‌وه؟ چۆن كاری له‌سه‌ر بكه‌ین و په‌ره‌ی پێ بده‌ین؟
جارێ مادام هه‌ر مرۆڤێك كه‌سێكی تایبه‌ته و له كه‌سێكی تر ناچێت، به‌و پێیه هه‌ر یه‌ك له ئێمه كاریزمای تایبه‌ت به خۆی هه‌یه. ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سه په‌ی پێ به‌رێت، ده‌بێت به مۆركی خۆی.
بریا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، له قوتابخانه‌كاندا بایه‌خ به‌م بابه‌ته ده‌درا، چونكه بۆ هه‌موو بواره‌كانی ژیان گرنگه، به‌تایبه‌تی بۆ ئه‌وانه‌ی له بواره جیاجیاكانی ژیاندا سه‌ركردایه‌تیی خه‌ڵك ده‌كه‌ن، سه‌په‌رشتیی گرووپ و ڕێكخراوه‌كان ده‌كه‌ن، پهروهردهكارن و قوتابی پێده‌گه‌یه‌نن، مامۆستان و وانه به خوێندكاران ده‌ڵێنه‌وه، فرۆشیارن و بزنێس به‌ڕێوه ده‌به‌ن، ڕاگه‌یاندكاران و قسه بۆ جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ن، هه‌موو ئه‌م كارانه ماكی سهركردایهتییانهی تێدایه و هه‌موویان ده‌یانه‌وێ جێگه‌ی باوه‌ڕی كه‌سانی تر بن، بۆیه پێویستیان به‌وه‌یه بزانن چۆن ستراتیجه‌كانی كاریزما په‌یدا بكه‌ن.
ده‌ستبه‌ركردنی كاریزما بۆ هه‌ر تاكێك گرنگه، كه كار له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ر یان خه‌ڵكێك یان گرووپێك بكات، گرنگیش نییه ئه‌و گرووپه چه‌ند كه‌س ده‌گرێته خۆ. ڕه‌نگه گرووپێكی گه‌لێك بچووك بێت، ڕه‌نگه ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ت بن، ئه‌ندامانی ئه‌و گرووپه متمانه و باوه‌ڕیان پێته، چونكه دیدگای ڕوون و ڕوانگه‌ی دووربینانهت هه‌یه، ڕێزگرتنت له‌وان له ڕێزگرتنت له خودی خۆته‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، كه هه‌ستت به كاریزمای خۆت كرد، هه‌ست ده‌كه‌یت كه تۆ یه‌كێك نیت له‌و خه‌ڵكه زۆره‌ی ناو ئاپۆڕه‌یه‌ك، تۆ هه‌ست ده‌كه‌یت، كه كه‌سێكی له‌ده‌ره‌وه‌ی ئاپۆڕایهكه.
باوه‌ڕهێنان به چه‌مكی كاریزما وا ده‌خوازێت مرۆڤ به‌ر له‌ده‌ره‌وه، له‌ناوه‌وه خۆی بگۆڕێت، واته دیدگا و هزر و ئه‌ندێشه‌مان پێش ڕه‌فتار و هه‌ڵسوكه‌وت و ئه‌تیكێت و جلوبه‌رگمان بگۆڕین، چونكه ئاره‌زوو و پاڵنه‌ر له دروستكردن و چه‌سپاندنی كه‌سێتیدا، سه‌ره‌تا له‌ناوه‌وه ڕه‌گ و ڕیشه داده‌كوتێت، پاشان جه‌سته و ده‌نگ و پێوه‌ندییه‌كانت ده‌گرێته‌وه.
چه‌مكی كاریزمایه هه‌ندێك جار به به‌راورد له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی هه‌ڕه‌مه‌كیدا ده‌تگه‌یه‌نێته ئاستێكی نائاسایی، هه‌ر بۆیه خه‌ڵك پێیان خۆشه دوای كه‌سی كاریزمایی بكه‌ون، خه‌ڵك به ده‌گمه‌ن هه‌واداری كه‌سانی ئاسایی ده‌بن، واته ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌گه‌ڵ زۆر و بۆردا شرۆڤه ده‌كرێن، ئه‌م بۆچوونه به‌تایبه‌تی بۆ بواره‌كانی سه‌ركردایه‌تی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و ڕابه‌رایه‌تیدا دروست و گونجاوه. ئه‌م دیدیگایه كه له ناخه‌وه گه‌ڵاڵه ده‌كات و بۆ ده‌ره‌وه تیشك ده‌داته‌وه، بۆ هه‌موو مرۆیه‌ك ده‌ڕه‌خسێت، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت كاری له‌سه‌ر بكات و خۆی له‌سه‌ر ئه‌و تهكنیكانه ڕابهێنێت.
بۆیه كۆنتڕۆڵكردنی هه‌ست و هه‌ڵچوونه‌كان گرنگترین تایبه‌تمه‌ندێتیی كه‌سایه‌تیی كاریزماتیكییه. زمانی جه‌سته و تۆنه‌كانی ده‌نگمان ئاوێنه‌ی ناخمانه، زمانی ده‌ربڕینی ناخمانه، ڕاسته ئه‌م ئاوێنه‌یه چه‌نده ڕوون و زه‌ڵاڵ بێت، هێنده‌ی تر كه‌سایه‌تیمان به‌هێزتر خۆی ده‌نوێنێت، ڕاسته زمانی جه‌سته و ده‌نگمان له ده‌ربڕین و پێوه‌ندی و لهیهكترگهیشتندا چه‌نده كارا و چالاك بێت، ئه‌وه‌نده كاریزمامان به‌رچاوتر ده‌بێت، به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیر بكه‌ین، یه‌كێك له هه‌ره تایبه‌تمه‌ندێتییه‌كانی كه‌سی كاریزمایی، كۆنتڕۆڵكردنی هه‌ست و ههڵچوونهكانییهتی، به‌تایبه‌تی تووڕه‌بوون و ترس و نائومێدی، ئه‌م هه‌ستانه به‌ئاسانی ده‌رده‌كه‌ون، به‌ئاسانیش دزه ده‌كه‌ن بۆ كه‌سانی تر.
هه‌روه‌كوو دانیال میكایلس ده‌ڵێت: خه‌ڵك ئه‌رك به كه‌سێك ده‌سپێرن جێگه‌ی متمانه‌یان بێت، به كه‌سێك كه له‌توانایدا بێت ئه‌ركی سه‌خت له ڕۆژگاری سه‌ختدا به‌جێ بگه‌یه‌نێت. ئه‌و كه‌سانه‌ش، ئه‌وانه‌ن كه له كاتی سه‌خت و دژوار‌دا ده‌توانن هه‌ست و هه‌ڵچوونه‌كانیان كۆنتڕۆڵ بكه‌ن. له دۆخی ناله‌بار و سه‌ختدا توانای كه‌سی كاریزماتیك له هه‌ڵسووڕانی زیره‌كیی هه‌سته‌كیی خوێدا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌و شێوه‌یه ده‌توانێت پێوه‌ندییه‌كانی له‌سه‌ر ئاستی هه‌ست و سۆز له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و ده‌روبه‌ری خوێدا ڕابگرێت، كه ده‌ڵێین زهیرهكیی هه‌سته‌كی، ته‌نیا ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت، كه ده‌بێت ئاگاداری هه‌سته‌كانی خۆمان بین، بگره له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه، كه ده‌بێت ئاگاداری هه‌ستی خه‌ڵك بین، ئه‌و توانایه‌مان هه‌بێت هه‌ست و هه‌ڵچوونیان بخوێنینه‌وه، پاشان ده‌توانین یارمه‌تییان بده‌ین و ڕێنماییان بكه‌ین چۆن له‌گه‌ڵ هه‌ست و هه‌ڵچوونه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی گونجا و دروست هه‌ڵسوكه‌وت بكه‌ن.
سه‌باره‌ت به ڕاهێنانه‌كانی كاریزما، به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر بایه‌خی دواندن و وتاربێژی و هونه‌ری ئاخاوتن و قسه‌كردن و ڕه‌وانبێژی ده‌كرێت، ئه‌مه ڕاسته، ئه‌مانه مه‌رجن بۆ به‌ده‌ستهێنانی كاریزما، به‌ڵام هه‌موو شتێك نین، چونكه هه‌موو ئه‌مانه مه‌رجه‌كانی ده‌ره‌وه‌ن! راسته گریگه باش بدوێیت، به‌ڵام له‌وه‌ش گرنگتر ئه‌وه‌یه ڕاست بدوێیت. بۆ نموونه، سه‌ركرده‌ی ئه‌وتۆ هه‌یه، وتاربێژێكی كارامه‌یه، ڕه‌وانبێژه و له‌سه‌ر قسه په‌كی ناكه‌وێت، به سێ و چوار زمانی بێگانه، زۆر به ڕه‌وانی، به ئه‌ندازه‌ی زمانی دایك قسه ده‌كات، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی چیدی متمانه‌ی پێ ناكرێت، ده‌مێكه چرای كاریزمای خامۆش بووه..
ن/ د.فازڵ جاف
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.