دكتۆر بەشیر حەداد جێگری سهرۆكی پهرلهمانى عێراق بهمالپهری فهرمی پارتى دیموكراتى كوردستان راگهیاند بارودۆخی ئێستای عێراق گفتوگۆ و رێككەوتنەكانی نێوان هەرێم و ناوەندی راوەستاندووە، ئەوەی لە ئێستاشدا لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا زاڵە، بابەتی ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئێران و گرووپەكانی نێو عێراقن، هەتا ئەم بارودۆخەش بەو شێوە بێت، گفتوگۆ و كۆبوونەوەكانی هەولێر و بەغدا ناكەوێتەوە سەرخەت، ئەوەیشی گوت، گەر بێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا تواندرا لایەنی ئێرانی و ئەمەریكی هێور بكەنەوە، ئەوكات كار بۆ پێكهێنانی كابینەی حكوومەت دەكرێت، بەو پێیەی فشار بخرێتە سەر لایەنەكان تا بە رێككەوتن لەگەڵ لایەنەكان و خۆپیشاندەران، كاندیدێك بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆكوەزیرانی دیاری بكەن.
جێگری سەرۆكی پهرلهمانى عێراق راشیدهگهێنێت ، تا ئەم كابینە سەرۆكەكەی كاربەڕێكەر بێت، ناتواندرێت هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، هاوكات پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیش رەوانەی ئەنجوومەن ناكرێت.
دكتۆر بەشیر ئاماژه بهوهش دهكات كە بودجەی هەرێم هیچ مەترسییەكی لەسەر نییە و بەپێی ئەو رێككەوتنەی پێشتر كراوە، هەتا ئەو كاتەی حكوومەتی كاربەڕێكەر نامێنێت، ئەوكات پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی دەنێردرێتە ئەنجوومەنی نوێنەران، بەشەبودجەی هەرێم مانگ بە مانگ دەنێردرێت، كە لە ٢٠١٩دا چەند بۆ هەرێم نێردراوە، بەردەوام دەبێت.
سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عێراق د. بهشیر حهداد رایگهیاندووه كه پێیوایە كە لە پێشبینیكردن دوورە و، دەشڵت بەو پێیەی عێراق بەرژەوەندیی وڵاتانی دیكەیشی تێدایە، لەو نێوەندەشدا بە تایبەت ئەمەریكا و ئێران، لەوانەیە نەهێڵدرێت گرژییەكان زیاتر بن، ئەویش لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان، نەك عێراق، بارودۆخەكە هێور بكەنەوە، گرژییەكانیشیان تەنیا لە لێدوانەكانیاندا چڕ بكەنەوە.
دكتۆر بەشیر ئاماژە بەو دڵەڕاوكێی هاووڵاتیان و ئاڵوگۆڕی دراو و بازرگانی دەدات، كە زیاد لەو بارودۆخە پێی دراوە، وەك خۆی رایدهگهێنێت ، ناڵێم هیچ نییە، بەڵام بە بۆچوونی من بارودۆخەكە بەرەو ئارامی دەچێت، ئەوەش بەو مانایە نا، كە خۆمان ئامادە نەكەین، چ سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، چ لایەنە سیاسییەكانیش، ئێمەی پەرلەمانتارانیش دەبێ ئامادە بین، دڵنیاییش دەدەینە هاووڵاتیانی خۆمان، كە شتی خراپ روو نادا و پێویست ناكا سەخڵەت بن".
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.