كۆمه‌ڵی ھونه‌ره‌جوانه‌كانی كورد، وه‌ك پێگه‌و سه‌نگ و مێژوو، دیارده‌یه‌كی ئاسایی نییه له مێژووی فه‌رھه‌نگ و كلتووری ئێمه، كۆمه‌ڵ ساڵی ١٩٦٩ دروست ده‌بێت و كۆمه‌ڵێكی بژارده له ڕووناكبیر و ڕۆشنبیر و ھونه‌رمه‌ندانی وڵات كۆ ده‌كاته‌وه و، ده‌بێته به‌شێك له كیان و بوون و به‌رده‌وامیی میلله‌تێك، ده‌بێته سه‌ره‌تایه‌كی بێ كۆتایی بۆ ھه‌نگاونان و دروستكردنه‌وه‌ی تاكی كورد، ناتوانرێت كۆمه‌ڵ ته‌نیا به ده‌زگایه‌كی ساده‌ی به‌رھه‌مھێنانی ھونه‌ری و ئه‌ده‌بی لێك بدرێته‌وه، كۆمه‌ڵ ھه‌ر زوو ئه‌و رووبه‌ره تێده‌په‌ڕێنێت و ده‌بێته ماڵێك بۆ جیاواز بوون و مانه‌وه، رووبه‌رێك بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه، وڵاتێك بۆ داھێنان و په‌روه‌رده و پێگه‌یاندن، میلله‌تێك پێناسه‌كه‌ی له كۆمه‌ڵ ده‌بینێته‌وه و له كۆمه‌ڵ جارێكی تر وێنه و فۆرمی تازه‌ی خۆی بنیاد ده‌نێته‌وه.
ھه‌موومان ده‌چینه‌وه كۆمه‌ڵ، چونكه كۆمه‌ڵ ڕووه جوان و شیرینه‌كه‌ی مێژووی ئێمه‌یه، كۆمه‌ڵ باخه سه‌وز و گۆڵڕه‌نگه‌كه‌ی سه‌حرای ئێمه‌یه، كۆمه‌ڵ ئه‌و لاپه‌ڕه سپییه‌یه، كه ھه‌موومان ده‌توانین تێیدا بنووسین، تێیدا ڕه‌نگ بكه‌ین، تێیدا به‌دوای بوون و ناسنامه‌و ھزری ئازاد‌دا بگه‌ڕێین، كۆمه‌ڵ ده‌روازه‌یه‌كه بۆ كلتوور و وڵاتێكه بۆ مانه‌وه و داھێنان.
ھه‌موومان ده‌چینه‌وه كۆمه‌ڵ، چونكه له‌وێ فێری داره داره‌ی ھونه‌ر بووین، له‌وێ فێربووین چۆن نیشتمان و نه‌ته‌وه و مرۆڤ و خاك و خۆڵمان خۆش بووێت، له‌وێ فێر بووین چۆن بژین و ته‌سلیم به مردنێكی پڕشه‌رمه‌زاری نه‌بین، ھه‌ر له‌وێش فێر بووین چۆن بمرین و بیر له ژیانێكی درێژی بێ شكۆ و كه‌رامه‌ت نه‌كه‌ینه‌وه.
ھه‌موومان ده‌چینه‌وه كۆمه‌ڵ لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی وڵاتێك ھه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه و له‌به‌رده‌م گه‌وره‌یی و شكۆمه‌ندی ئه‌و ده‌زگایه و ئه‌و پیاوه مه‌زنانه‌ی له‌ناویدا گه‌وره بوون و گه‌وره‌یان كرد، ساتێك به بێده‌نگی، جووڵه له جه‌سته‌مان ده‌بڕین، ھه‌ناسه‌كانمان ده‌وه‌ستێنین، تا گوێ له ترپه‌ی دڵی كۆمه‌ڵ بگرین، سه‌یری ھه‌نگاوه بزێو و جه‌ربه‌زه‌ییه‌كانی كۆمه‌ڵ بكه‌ین، بۆن به جه‌سته‌ی جه‌میل ره‌نجبه‌رو كاردۆ گه‌لالی و عیزه‌ت ئه‌حمه‌د كه‌ریم و حسێن قه‌ره‌داغی و ماجیدی حه‌مه‌جوان و جه‌وھه‌ر باپیر و نه‌وزاد مسته‌فاوه بكه‌ین، ئه‌وانه خوێندكاری كۆمه‌ڵ بوون و له‌وێ دروست بوون وه‌ك شه‌ھید پێشكه‌شی نیشتمانی كران.
ھه‌موومان ده‌چینه‌وه كۆمه‌ڵ و له نێو وێنه ره‌ش و سپیه‌كان به‌دوای روخساره ره‌نگاوڕه‌نگه‌كان ده‌گه‌ڕێین، ھه‌موومان ده‌چین لاپه‌ڕه‌ی كتێبه نه‌نووسراوه‌كان و په‌رده‌ی شانۆنامه نه‌بینراوه‌كان ھه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه‌و به‌دوای جوانی و داھێنان و دروستكردنی مه‌حاڵ ده‌گه‌ڕێین، ھه‌موومان گوێ ده‌نێین به‌دڵی ئه‌و ته‌خته‌یه‌ی كه داھێنه‌ران و باڵابه‌رزانی شانۆی ئێمه به‌سه‌رییدا تێپه‌ڕیوون، بۆن به عه‌تری جه‌ربه‌زه‌یی و چاونه‌ترسی ئه‌و خانمه رووسوورانه ده‌كه‌ین كه ئه‌و ناوه‌یان پڕ كردووه له بۆنی یاسه‌مین و به‌یبوون و نێرگز.
ھه‌موومان ده‌چینه‌وه كۆمه‌ڵ و تاوێك به ته‌قدیر و شكۆمه‌ندیه‌وه له‌به‌رده‌م پیاوه گه‌وره‌كانی ئه‌م ماڵه ڕێز ده‌نوێنین، پیاسه‌یه‌ك به نێو بێستانی سه‌وزی داھێنانی كه‌ڵه‌ھونه‌رمه‌ندانی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌دا ده‌كه‌ین و، نھێنیی ئه‌و ھه‌موو جوانی و داھێنانه مه‌زنه‌یان لێ ده‌پرسین، ئه‌رێ ئه‌و ھه‌موو جوانی و شكۆمه‌ندییه‌ی ئێوه له چیه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه؟
چ په‌نھانێكه كۆمه‌ڵ ھه‌میشه ماڵه بێنازه‌كه‌ی ھه‌مووان و دڵه گه‌وره‌كه‌ی شار‌و ئاڵای شكۆمه‌ندی نه‌ته‌وه‌یه، چ په‌نھانێكه كۆمه‌ڵ پڕه له ره‌نگی سپی و سوور‌و سه‌وز و زه‌رد و ئه‌رخه‌وانی و چۆكی بۆ ھیچ ڕه‌نگێك دانه‌داوه، چ ڕازێكه ده‌یان و سه‌دان دێن و ده‌ڕۆن و ئێوه‌ش وه‌ك گۆیژه و ئه‌زمه‌ر به سه‌ركه‌شی له سه‌رووی شاره‌وه وه‌ستاون، بزه بۆ نیشتیمان ده‌كه‌ن؟
ھه‌موومان ده‌چینه‌وه كۆمه‌ڵ بۆ ئه‌وه‌ی ھه‌میشه خۆمان بین، به‌دوای پارچه وونبووه‌كانی خۆمان ده‌گه‌ڕێین و له‌نێو لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی ئه‌م په‌ناگه‌یه ده‌یدۆزێنه‌وه، به‌دوای ناونیشان و ئه‌دره‌سی ونبووی خۆمانه‌وه‌ین و له كۆمه‌ڵ وه‌ریده‌گرینه‌وه، ده‌مانه‌وێت به‌شێك بین له‌تۆ، له‌و ھه‌موو پیرۆزییه‌ی له سێبه‌رت ده‌دره‌وشێته‌وه‌و ره‌نگكراوه، ھه‌موو ئه‌و بڵندییه‌ی كه گه‌ردنی چیاكانیشی تێپه‌ڕاندووه.
ئێستاش پاش په‌نجا ساڵ، جارێكی تر ھه‌موومان ده‌چینه‌وه كۆمه‌ڵ، پیرۆزبایی یۆبیلی زێرینی په‌نجا ساڵی مانه‌وه‌ت لێده‌كه‌ین، په‌نجا ساڵی شكۆمه‌ندی، په‌نجا ساڵی به‌پێوه وه‌ستان و ژیان، په‌نجا ساڵی به‌رھه‌م و كردار، په‌نجا ساڵی په‌روه‌رده و دروستكردن، په‌نجا ساڵی باڵابه‌رز.
ئه‌وه‌تا جارێكی تر ھه‌موومان ھاتینه‌وه كۆمه‌ڵ، تا به دیار ریشی سپی و نێوچه‌وانی سپی و سیمای سپی و به‌فر ئاسای تۆوه، شه‌ڕابی كۆنی ژیان بنۆشینه‌وه، پیته شكاوه‌كانی مێژوو لێك بده‌ینه‌وه، ھه‌موومان ھاتینه‌وه لات چونكه تۆ كۆمه‌ڵی ھه‌مووانی و ماڵه گه‌وره‌كه‌ی نیشتمانی، ده‌رگا ھه‌میشه له‌سه‌ر پشته‌كه‌ی، ئێمه‌یش وه‌ك مناڵێكی په‌رته‌وازه، ھه‌موو رێگاكان ھه‌ر به‌ره‌و كۆمه‌ڵ ده‌مانھێنێته‌وه، له كۆمه‌ڵ ئۆقره ده‌گرینه‌وه.
ن/ حه‌مه‌سوار عه‌زیز
كوردستان تیڤی/ كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.