بە ئامادەبوونی لیوا سەربەست زێباری بهڕێوهبهری بهڕێوهبهرایهتی رشتهكان و مێجهر مایک بەرپرسی مەشقی ھێزەکانی ئەڵمانیا لە کوردستان و ژمارەیەک فەرماندەو ئەفسەرانی پێشمەرگە، مەراسیمی کۆتایی خولیکی کیمیاوی بەڕێوەچوو، کە بۆ 12 کارمەندی یەکەکانی هێزی پشتیوانی دوو و بەرگری فریاکەوتن و کۆلێژی ئەرکان و بنکەی مەشقی دهۆک و ھەولێر کرابۆوە.
خولەکە، لەلایەن سریەی بەرگری کیمیاوی و بەسەرپەرشتی راهێنهرانی سوپای ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، ماوەی 6 هەفتەی خایاند و، تیایدا بهشداربووان راهێنران لهسهر چۆنیەتی خۆپاراستن لە چەکی کیمیاوی و بە کارهێنانی چەند ئامێرێکی تایبەت بە ئاشکراکردنی ماددە ژەهراویەکان و، ھەروەھا چۆنییەتی پاککردنەوەی ناوچەی پیس بوو بە ماددە کیمیاوییەکان.
لەم خولەدا چەندین کارمەندی بەشداربوو دەستنیشانکراون وەک مامۆستا بتوانن وانەی کیمیاوی لە یەکەکانی خۆیان بڵێنەوە.
لە کۆتاییشدا بڕوانامە بەسەر هەموو بەشداربووان دابەشکران و دیاری بەخشرا بە یەکەمی خولی کیمیاوی و یەکەمی مامۆستایانی کیمیاوی و لەگەڵ چەند مەدالیایەکی تایبەت بۆ گشت بەشداربوان.
ئەم خولانە بەردەوام دەبن و بەرنامە دانراوە كه ئەمساڵ (2020) شەش خولی کیمیاوی بکرێتەوە بۆ ئەفسەرو کارمەندانی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە.

شوان عزيز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.