لەگەڵ ئەم شەپۆلە بەفرەی ناوچە شاخاوییەکانی گرتۆتەوە، بواری هاتووچۆ و بزاوتی بازرگانی لە سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران سستی تێکەوتووە.
کامەران عەبدوڵڵا، لە تیمی بەفرڕاماڵینی سەربە کەرتی چواری سۆران، بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆوە تا ئێوارە بەردەوام تیمەکانمان خەریکی بەفرڕاماڵین و خوێ لێدان بووین لەسەر ڕێگای گشتی نێوان چۆمان و حاجی ئۆمەران، لە سنووری حاجی ئۆمەران لەزۆربەی شوێنەکان نزیک بە 50 سم بەفر باریوە و ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بووە، چونکە ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەگەنە حاجی ئۆمەران دەبێ زنجیر ببەستن و هەندێک لەو ئۆتۆمبێلانە بەهۆی نەبەستنی زنجیر و پێداویستی سەلامەتی سەربەفر بوونەهۆکاری قەرەباڵی ڕێگاکە.
هەر چەندە بواری بازرگانی و هاتووچۆی گەشتیاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەرزی حاجی ئۆمەران پەکی نەکەوتووە و ڕێگاکە دانەخراوە، بەڵام بەهۆی بارینی بەفر و خلیسکی ڕێگای سەرەکی سستی تێکەوتووە.
پۆلیسی هاتووچۆی ناوچەکە هۆشداری دەداتە ئەو شۆفێرانەی رێگایان دەکەوێتە سنووری حاجی ئۆمەران، کەلوپەلی پێویستی سەلامەتی لەگەڵ خۆیان بێنن و ئەگەر بۆ کارێکی گرنگیش نەبێت ئەمشەو ڕێگای حاجی ئۆمەران نەگرنەبەر، چونکە بەهۆی کڕێوە و کەمبوونەوەی ماوەی بینین ڕێگاکە سەختە و ئەگەری پێکدادان و لادان لەڕێگای گشتی هەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.