له ماوه‌ی 35 رۆژدا، بۆ جاری دووه‌م وه‌زیری به‌رگری ئیتاڵیا، "لۆرینزۆ گویرینی" سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرده‌وه و له فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر له‌لایه‌ن شۆڕش ئیسماعیل وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه پێشوازی لێكرا.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا،وەزیری بەرگری ئیتاڵیا ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان کرد و خۆشحاڵی خۆی له هه‌مبه‌ر پەیوەندی و بە هەماهەنگی بەهێز له‌گەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ده‌ربڕی، هاوكات ستایشی قوربانیدانەکانی پێشمەرگەشی لە شەڕی دژی تیرۆردا كرد.
وه‌زیری به‌رگری حكومه‌تی ئیتاڵیا ڕاشیگه‌یاند: هێشتا هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق هەرماوە، بۆیە ئیتاڵیا وەک ئەندامێکی کارای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە.
لۆرینزۆ گویرینی راشیگەیاند: لە مانگی داهاتوودا بەشداری و پابەندبوونمان لە شەڕی داعش و هاوکاری پێشمەرگە نوێ دەکەینەوە، چونکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هێشتا کاری زۆرمان ماوە بەیەکەوە ئەنجامی بدەین.
شیاوی باسه ئه‌م سه‌ردانه‌ی وه‌زیری به‌رگری ئیتاڵیا دوای ئه‌وه دێت، كه له ناوه‌ڕاستی مانگی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی ڕابردوو سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌گه‌ڵ مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، كۆبوه‌وه.
جێی ئاماژه‌یه كه وڵاتی ئیتاڵیا یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ی له رووی لۆجستییه‌وه هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كات و به‌شداره له پڕۆژه‌كانی مه‌شق و راهێنانی هێزی پێشمه‌رگه .

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.