دوای دوو ڕۆژ لە داخستنی بەهۆی بەفربارین، ئەمڕۆ شەممە هاتووچۆی گەشتیاری و بزاوتی بازرگانی لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئاسایی بوویەوە.
سیروان حوسێن، گوتەبێژی کۆمەڵگەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بە کوردستان تیڤی ڕاگەیاند: دوای دوو ڕۆژ لە داخرانی سنوورەکەمان بەهۆی بەفربارین و بەستەڵەک، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، هاتووچۆی گەشتیاری لە سنووری حاجی ئۆمەران ئاسایی بۆتەوە، گەشتیاران گەشتی خۆیان بۆ ئێران دەکەن و بەپێچەوانەشەوە.
گووتیشی: تیمەکانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان بەردەوام ڕێگاکانیان لە بەفر ڕاماڵیوە، ئەمڕۆش تیمەکانی ئێران ڕێگای نێوان تەمەرچین و پیرانشاریان لە بەفر پاک کردۆتەوە و هیچ ئاستەنگێک نەماوە.
سەبارەت بە بزاوتی بازرگانیش، گوتەبێژی کۆمەڵگەی سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران، رایگەیاند: ڕێگای جموجۆڵی بازرگانیش کراوەتەوە، کامیۆنەکان هاتوونەتە گۆڕەپانی گومرگ و خەریکی کاری خۆیانن، بەڵام کەمێک سستە، تا بە تەواوی گرفتەکان چارەسەر دەکرێن.
گووتیشی: پێویستە ئەو گەشتیارانەی ڕوو لە سنوورەکەمان دەکەن، پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ بن و زنجیر لە تایەی ئۆتۆمبێلەکانیان ببەستن، بۆ ئەوەی ئاستەنگی هاتووچۆ لە ڕێگا گشتییەکان دروست نەبێت، چونکە لە هەندێک شوێنکی ڕێگەکە، بەهۆی بەستەڵەک ڕێگاکە خلیسکە و مەترسی هەیە.
سنووری نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران ، مەرزێکی نێودەوڵەتی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێرانە، ڕۆژانە بە هەزاران گەشتیار لەم سنوورەوە هاتووچۆ دەکەن و نزیک بە 800 کامیۆنی بەرهەڵگریش لەم سنوورەوە کاڵاکانیان دەگوازنەوە، دوو ڕۆژ بەر لە ئێستا سنوورەکە بەهۆی بەفربارینی زۆر لە دیوی ئێران وەستا.
کەریم سمکۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.