ئەمڕۆ دووشەممە پارێزگاری هەولێر رایگەیاند: له 2ی شوباتی 2020، کارەبای زیادەڕۆیی دەبڕێت و هەر کەسێک کارەبای دووەمی راکێشابێت یان کارەبای گۆڕیبێتەوە سزای مادی دەدرێن و هەڵمەتەش ھەموو كەس دەگرێتەوە.
فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە سەرەتای مانگی داھاتوو دەست بە بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا دەكەین و ئەو هەڵمەتەش ھەموو كەس دەگرێتەوە و ھیچ كەسێك پارێزبەندی لەسەر نییە.
پارێزگاری هەولێر گوتی: بڕیارماندا لە 2020.2.2 پرۆسەی بڕینی زێدەڕۆییەكانی سەر كارەبا لەهەموو قەزا و ناحییەکان و لە ناو سەنتەری شاری هەولێر دەست پێبکەین، لێژنەمان لەهەموو قەزاکان بە سەرپەرشتی قایمقامەکان و ئەندامیەتی پۆلیسی کارەبا و فەرمانگەکانی کارەبا پێکهێناوە و لەهەریەکێک لەو لێژنانەش داواکاری گشتی کاری یاسایی خۆی دەکات بۆ گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەس و لایەنانەی سەرپێچیان کردۆتە سەر تۆڕی کارەبا.
پارێزگاری هەولێر، لەبارەی موەلیدە ئەهلییەكانەوە ئاماژەی بەوەكرد، رۆژی 1-5-2020 دوا مۆڵەتە تا خاوەن مەولیدە ئەهلییەكان، موەلیدەكانیان بكەنە (بێدەنگ –كاتم) ئەگەر نا مۆڵەت دەدرێت بەكەسانی تر كە موەلێدەی بێدەنگ دابنێن و لەئێستاشدا كەسانێكی زۆر داوایان پێشكەشكردووە بۆ ئەو مەبەستە.
سەبارەت بەو کۆمپانیایانەی کاری ڤایبەر ئۆپتیک دەکەن بۆ راکێشانی هێڵی ئینتەرنێت، پارێزگاری هەولێر گوتی: دەبێت پابەندبن بە رێنماییەکانی ئێمەو شارەوانی، رێگە نادەین وەکو پێشوو شەقامەکان ببڕن، بەڵکو دەبێت لەژێر چاودێری شارەوانی بێت، تاوەکو دەرفەتیش بێت دەبێت لە دەرەوەی شەقامە قیرتاوکراوەکان بێت، ئەگەر هیچ دەرفەتێکیش نەما دەبێت بەپێی رێنماییەکانی شارەوانی بێت.
پارێزگاری هەولێر ئاماژە بەوەش دەدات، کە بۆ خۆشگوزەرانی خەڵک سەرجەم ئەو رێگایانە دەکەنەوە کە بەربەستیان بۆ دانراوە هەموو ئەو رێگایانەی بەهۆی فەرمانگەیەک یان بارەگایەکی حیزبی و یانیش کەسانێکی بەرپرسەوە داخرابن، دەکرێنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.