دوای ئهوهى ئێوارهى دوێنێ دووشهممه ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازى لە وەزیرى دەرەوە و وەزیرى بەرگریى بەلجیکا کرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا پەرەپێدانی پەیوەدنییەکانی هەرێمی کوردستان و بەلجیکایان دووپاتکردەوە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی بەلجیکای کرد بۆ هاوکارییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەى هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیدا و دووپاتى کردەوە عێراق و هەرێمى کوردستان هێشتا پێویستییان بە بەردەوامیى هاوکاریى هاوپەیمانى نێودەوڵەتى بۆ بەرەنگاربوونەوەى تیرۆر هەیە.
هەر لە کۆبوونەکەدا، کە جێگرانى سەرۆکى هەرێمی کوردستان، باڵیۆزى بەلجیکا لە عێراق و ئوردن و شاندێکى هاوبەشى هەردوو وەزارەتى دەرەوە و بەرگرى بەلجیکا ئامادەى بوون، کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێکرا، سەرۆکى هەرێمى کوردستان دووپاتى کردەوە هەرێمى کوردستان خوازیارە هەموو کێشەکانى لەگەڵ عێراق لەسەر بنەماى دەستوور چارەسەر بکات و دەیەوێت فاکتەرى ئارامى و سەقامگیرى بێت لە ناوچەکە.
لەبارەی دۆخی عێراق و خۆپێشاندانەکان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پشتگیرى هەرێمى کوردستانى بۆ داواى خۆپێشاندەرانى عێراق لە ژیانێکى باشتر و خزمەتگوزارییەکان، دووپاتکردەوە.
وەزیرى دەرەوە و بەرگریى بەلجیکا ئارامى و سەقامگیریى عێراق و هەرێمى کوردستان و ناوچەکەى بە جێى بایەخى بەلجیکا لە قەڵەم دا و ستایشى رۆڵى هەرێمى کوردستانى لە شەڕى دژى تیرۆر و هەوڵەکانى لەپێناو سەقامگیرى و هێورکردنەوەى گرژییەکاندا و پێکەوەژیان و لێبوردەیى لە هەرێمى کوردستان کرد. سوپاسى حکومەت و خەڵکى هەرێمى کوردستانیشی کرد بۆ حەواندنەوەى ئاوارە و پەنابەران و پاراستنى پێکهاتە ئایینى و نەتەوەییەکان.
هەر لە کۆبوونەوەکەیاندا برەودانى زیاتر بە پەیوەندیى دوولایەنە، چارەنووسى گیراوانى داعش و خێزان و منداڵەکانیان لە کەمپەکان بەتایبەتى لە سوریا تاوتوێکرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.