ژمارەیەک پێشمەرگەی سەر بە فەرماندەی هەڵگۆرد، بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر داوای بەهاناوەچوون دەکەن.
لە گرتە ڤیدیۆیەکدا پێشمەرگەیەک لەبەردەم دەرگای بارەگاکەیان لە سنووری حاجی ئۆمەران داوای بەهاناوەچوون دەکات، چونکە کارەبایان نییە و بەهۆی نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سەدی و بارینی بەفرێکی زۆر ژیانیان لە مەترسیدایە و گیریان خواردووە.
بۆ بەدواداچوون لەسەر ئەم ڤیدیۆیە، کوردستان تیڤی پەیوەندی کرد بە موقەدەم شێروان شەریف، بەرپرسی فەوجی دووی سەر بە هێزی باڵەکی فەرماندەی هەڵگورد، ناوبراو ڕایگەیاند: ئەو کۆمەڵە پێشمەرگەیە لە ناوچەیەکی سنووری حاجی ئۆمەران لە ئەرکی خۆیاندان و ژمارەیان 14 پێشمەرگەن، ناوچەکەش بەهۆی ئەم شەپۆلە بەفرەی ناوچەکەی گرتۆتەوە، بەفرێکی زۆری لێباریوە.
سەبارەت بە گیرخواردنیان لەناو بەفر، ناوبراو ڕایگەیاند: نەخێر، ئەو پێشمەرگانە لەناو بەفر گیریان نەخواردووە، بەڵکو لە شوێنی خۆیاندان، دوێنێ ڕێگای رەبایەکەمان لەبەفر پاککردەوە، بەڵام بەهۆی شەپۆلی بەفری شەوی ڕابردوو ڕێگاکە ئاستەنگی بۆ دروست بۆتەوە.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە راشیگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ پێشمەرگەکان کرد، راستە کارەبایان نییە، بەڵام لەڕووی خۆراک و نەوت و سووتەمەنی کێشەیان نییە، بۆ ڕووناکیش فانۆسمان بۆ دابینکردوون.
سەبارەت بە هاناوەچوونی ئەو پێشمەرگانە، موقەدەم شێروان شەریف، گووتی: تا ئێستا لە هیچ شوێنێک ئاگادار نەکراوینەتەوە، هەر حاڵەتێکی فریاکەوتن، یان مەترسیان لەسەر ژیانیان هەبێت، بێگومان لە ئامادەباشیداین، بەڵام ئێمە وەک هێزی پێشمەرگە هەموو ساردی و گەرمی و ناخۆشییەک دەچێژین بۆ بەرقراربوونی ئەمنیەت و ئاساییشی کوردستان و پاراستنی خاکی کوردستان.
پ: کەریم سمکۆ
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.