Erbil 38°C دووشەممە 23 شوبات 01:52

عەللاوی دووشەممەی داھاتوو پێکھاتەی حکوومەتەکەی دەخاتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران

داواشی کرد کە ئەنجوومەنەکە دانیشتنێکی بەپەلە رێکبخات بۆ پێدانی متمانە بە کابینەی حکوومەتەکەی
کوردستان TV
100%


سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی ئاشکرای کرد، رۆژی دووشەممەی داھاتوو پێکھاتەی حکوومەتەکەی دەخاتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران.

عەللاوی لە وتارێکیدا کە کەنالی فەرمی تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتی عێراق بڵاویکردەوە، رایگەیاند کە رۆژی دووشەممەی داھاتوو پێکھاتەی حکوومەتەکەی دەخاتە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران و داواشی کرد کە ئەنجوومەنەکە دانیشتنێکی بەپەلە رێکبخات بۆ پێدانی متمانە بە کابینەی حکوومەتەکەی.

محەمەد تۆفیق عەللاوی ھەر لەمبارەیەوە راشیگەیاند: پێکھاتەی حکوومەتی داھاتوو کەسانی حزبی لەخۆناگرێت، و وەزیرەکان لەسەر بنەمای توانا و لێھاتوویی دەستنیشان کراون".

عەللاوی لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە گوتی: لەوانەیە خۆپیشاندەران بە شێوەیەکی بەھێزتر بگەڕێنەوە. لە دوای وەرگرتنی متمانە، لێکۆڵینەوە دەستپێدەکەین لەبارەی ئەو کەسانەی کە خۆپیشاندەرانیان کوشتووە و ھێرشیان کردووەتە سەر ھێزەکانی ئەمنی. گشت ئەو خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازانەی کە دەستگیر کرابوون، ئازاد دەکرێن".

محەمەد تۆفیق عەللاوی بەڵێنی ئەوەشی دووپات کردەوە کە ھەوڵدەدەن بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ئاوارانەی کە بەھۆی ھێرشەکانی داعش ناوچەکانیان جێھێشتبوو، ھاوکات ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە.

رۆژی یەکی ئەم مانگە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح، محەمەد تۆفیق عەللاوی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی راسپارد ئەوەش دوای ئەوەی لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەمی رابردوودا خۆپیشاندەران، سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی-یان ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرد.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.