Erbil 38°C شەممە 21 شوبات 15:02

وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق گه‌یشتنه‌ رێککه‌وتن

بڕیاری ناردنی شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان
کوردستان TV
#7
100%


شاندێكی باڵای وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ سه‌ردانی به‌غدای كرد و له‌گه‌ڵ شاندی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق كۆبوونه‌وه‌ چالاككردنه‌وه‌ی لیژنه‌كانی نێوان هه‌ردوولا تاوتوێ كرد.

به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتووه‌، ئەمڕۆ ٢٤/٢/٢٠٢٠ وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عیراقی فیدڕاڵ، گەیشتنە رێککەوتن لەسەر کاراکردنەوەی لیژنە هەمیشیەکانی نێوانیان و لەلایەن وەزارەتی بەرگری عێراقەوە، بڕیار درا شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگه بۆ ساڵەکانی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ و ساڵانی دواتریش بنێردرێت.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری وەزارەتی بەرگری عیراق و وەزیری بەرگری حکومەتی ناوەند،  بەهەنگاوێکی بوێرانە و سەرەتایەکی باشی پتەوکردنەوەی  زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لەقەلەم دەدات.

بڕیاری ناردنی شایستە داراییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەلایەن عیراقەوە، جێگەی پێزانینی زۆر و پابەندبوونی نیشتیمانیانەیە بەدەستووری هەمیشەیی.

لەکاتێکدا و لەساڵانی رابردوو، هێزی پێشمەرگە وەک بەشێک لەسیستمی بەرگری عیراق، بێ بەش کرابوو لەو شایستە داراییانەی کە مافی خۆی بوون، لەئێستاشدا بڕیاری ناردنی شایستە داراییەکان و جێبەجێ کردنی، گەڕاندنەوەی متمانە و پەرەدانی زیاتر دەبێت بۆ پتەوکردنی پەیوەندیەکان و ئامادەسازی باشتریش  بۆ رووبەڕووبونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان.

وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەستپێشخەری کردووە لە هێورکردنەوەی دۆخەکە، کە دەرئەنجام سەقامگیری و ئارامی ناوچەکەی لێدەکەوێتەوە، ئەو لێکتێگەیشتنەی ئێستاش لەئارادایە بە ئاراستەیەکی دروست هەنگاو دەنێت.

کۆبوونەوەی شاندی باڵای نێوان هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆکایەتی، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە و وەفدی  وەزارەتی بەرگری فیدڕاڵ، بەسەرۆکایەتی نەجاح شەمەری، وەزیری بەرگری عیراق، کۆبوونەوەیەکی سەرکەوتوو و قبوڵکراوی هەردوو لایەن بوو، وێڕای بڕیاری ناردنی شایستە داراییەکان، بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنە هەمیشیەکانی نێوان هەردوولا  رێگای چارەسەری تەواوی کێشەو گرفتە هەڵواسراوەکان کورتترو خێراتر دەکاتەوە.

وەزارەتی پێشمەرگە، پێشوازی لەهاتنی شاندی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق دەکات، کە بڕیارە بەم نزیکانە سەردانی هەولێر بکەن.

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.