مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی ناوه‌ندی هه‌ولێری به‌سه‌ركردووه.
نه‌خۆشخانه‌كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، وه‌ك ئاماده‌كاریی پێشوه‌خته، بۆ حاڵه‌تی تووشبووان به ڤایرۆسی كۆرۆنا ژووره‌كانی كه‌ره‌نتینه كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێكی تووشبوون به ڤایرۆسه‌كه تۆماركرا، تووشبووه‌كه‌ی لێ كه‌ره‌نتینه بكرێت.
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ 27/2/2020، نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی ناوه‌ندی به‌سه‌ر كرده‌وه، كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی بۆ ئه‌گه‌ره‌كانی تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاماده‌كراوه.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رایگه‌یاند، بۆ ئه‌وه‌ی هاتین دڵنیابین رێكاره‌كان به ته‌واوه‌تی گیراونه‌ته‌به‌ر و گوتی: "سوپاسی وه‌زیری ته‌ندرووستی ده‌كه‌ین له‌گه‌ڵ ئه‌و ستافه‌ی له نه‌خۆشخانه‌كه‌ن، نه‌خۆشخانه‌كه به ته‌واوه‌تی ئاماده‌كراوه و له هه‌موو پارێزگاكانیش هه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێك هه‌بوو به باشترین شێوه خزمه‌ت بكه‌ن".
سه‌رۆكی حكومه‌ت دووپاتی له‌وه‌ش كرده‌وه، چه‌ندین كۆبوونه‌وه كراون بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و په‌تایه، هیوادارین له كاتێكی نزیكدا چاره‌سه‌ر بۆ ئه‌و نه‌خۆشییه بدۆزرێته‌وه.
داواشی كرد خه‌ڵك خۆیان و كه‌سوكاریان بپارێزن و گوتی: "داوا له هه‌موو هاووڵاتیان ده‌كه‌م رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌تی ته‌ندرووستی و وەزارەتی ناوخۆ و لایه‌نه‌ی په‌یوه‌ندیدار جێبه‌جێ بكه‌ن".
مه‌سرور بارزانی راشیگه‌یاند، تاكو ئێستا ئه‌وه‌ی گوتراوه هیچ حاڵه‌تێك له كوردستان نییه، به‌ڵام له وڵاتانی ده‌روبه‌ر و عێراقیش حاڵه‌تی تووشبوون به ڤایرۆسه‌كه تۆماركراوه.
سه‌رۆكی حكومه‌ت راشیگه‌یاند، ئاماده‌كارییه‌كان له هه‌رێمی كوردستان له پێشه‌وه‌ی زۆربه‌ی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ن ئه‌وه‌ش جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه، داواش ده‌كه‌م هاووڵاتیان هاوكاری ستافی پزیشكی بن و خۆشیان بپارێزن.
هه‌روه‌ها داوا له بازرگان و دوکانداران ده‌كه‌م به هه‌ستێكی باڵا مامه‌ڵه بكه‌ن و خۆیان له گرانكردنی كه‌لوپه‌ل و پێداویستی رۆژانه‌ی خه‌ڵک به دوور بگرن.
تا ئێستاش هیچ حاڵه‌تێكی تووشبوون به ڤایرۆسه‌كه له هه‌رێمی كوردستان تۆمارنه‌كراوه و وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیش رایگه‌یاندووه، له‌وپه‌ڕی ئاماده‌باشیدان و هه‌موو رێكاره‌كانیش گیراونه‌ته‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی پێشگیری له بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه بكه‌ن.

کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.