سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان مەرج و داواکارییەکانی کوردی بۆ بەشداریکردن لە کابینەی تازەی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد تۆفیق عەلاوی ئاشکرا کرد.
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند: من وه‌ك پارتییه‌ك قسه ناكه‌م، به‌ڵكو وه‌كو كوردستانییەك قسه ده‌كه‌م، عه‌لاوی وا ده‌زانێت له مه‌ریخه‌وه هاتووه، نازانێت عێراق وڵاتێكه له‌ساڵی ١٩٥٨ەوه له‌سه‌ر سێكوچكه‌ی (سونە، شیعه و كورد) دروست بووه، كه عەبدولکەریم قاسم هاتووه‌تە سه‌ر حوكم، محەمەد نەجیب ڕوبەیعی سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی سونی بووه، محەمەد مه‌هدی كوبه، شیعه بوو، خالید نەقشهبهندی كورد بووه.
ئەوەشی نەشاردەوە کە تا ئێستا چوار کودەتا لە عێراقدا کراوە، ”ئەوەی عەلاوی دەیکات، کودەتای پێنجەمە و بەرگێکی سیاسی لەبەر کردووە، له‌به‌ر ئه‌وه هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق، به كورد و عه‌ره‌ب و توركمان و ئه‌رمه‌نه‌وه چیتر ڕازی نین حوكمێكی شمولی جا قەومی بێ یان تائیفی بێ، بێتە کایەوە، گەلی عێراق چیتر ناچێته به‌ر حوكمێكی شمولی، ئه‌مه‌مان قەبووڵ نییە“.
نموونەشی بەوە هێنایەوە کە تەنها پێکهاتەی شیعە بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکانیان لە خاکی عێراق دا و ”ئەوەتا بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا“.
فازڵ میرانی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ بەشی کوردیی (دەنگی ئەمریکا) ڕوونی کردووەتەوە: ده‌توانین له‌م حکوومەتە به‌شدار نه‌بین، به‌ڵام ئێمه داوای هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌ختەی لێ ده‌كه‌ین، ڕوبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و ئه‌وانه‌ی خۆپیشاندەرانیان كوشتووه بیانگرن و بیاندەنە دەست دادگا. دونیایەک بەڵێنی له‌سه‌ر خۆی داناوه، لەلایەکی ترەوە مومكین نییه له‌م وڵاته حوكمی یه‌ك قه‌ومی و یه‌ك تائیفی به‌ڕێوه بچێت، لە عیراقدا كورد میلله‌تی دووه‌مه، ئێمه فیدڕاڵییهكی ده‌ستووریمان هه‌یه، هەروەها سوننه پێكهاته‌یه‌كی سه‌ره‌كییه، توركمان و ئاشووری پێكهێنهرێكن، ناكرێ حکوومەت سه‌ركه‌وتوو بێت و به‌ڕێوه‌بچێت به‌بێ ئه‌م پێكهاتانە“.
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی ئەوەشی درکاند کە عه‌لاوی خۆی كاندیدی دوو حزبە، کەچی ده‌ڵێ نوێنه‌ری حزبەکان قەبووڵ ناكه‌م. خۆی كاندیدی لیستی فه‌تح و سائیرونه. ئێمه كاندیدی خۆمان به‌ناوی كاندیدانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش ده‌كه‌ین، چونکە ئێمه هه‌رێمیكی فیدڕاڵیین و حزبێک نین لە بەغدا دانیشتبین“.
هۆشداریی ئەوەشی داوە کە ئەوەی حیساب بۆ کورد نەکات، ”ئێمه‌ش نه هاوكاری ده‌بین و نه حیسابی بۆ ده‌كه‌ینه‌وه. بەڵام ئێمه نابینه ئۆپۆزیسیۆن، چونكه ئێمه شه‌ریكی ئه‌م وڵاته‌ین، به‌شێكین له عێراق و ئێمه فیدڕاڵیمان هه‌یه، ئێمه داوای مافه ده‌ستورییه‌كانی خۆمان ده‌كه‌ین، ئێمه حزبێك نین به‌ڵكو كیانێكی ده‌ستورین و میللهتێكیین“.
ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە ئەو شێوازەی محەمەد تۆفیق عەلاوی بەکاری دەهێنێت، نەک هەرێمی کوردستان، بە سوننە و شیعە و کوردەوە پێی ڕازی نین، ”ئێمە ناتوانین لەگەڵ ئەمە بگونجێین“.
دووپاتیشی کردووەتەوە، لایەنە کوردستانییەکان شاندێکی تازە دەنێرنە بەغدا و لەگەڵ پێکهێنەرەکانی دیکەی عێراق قسە دەکەن. جەختیشی کردووەتەوە کە کورد نابێتە ئۆپۆزسیۆن و مامەڵەش لەگەڵ ئه‌و كوردانه ناکات كه لە بەغداوە لە جێگەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، چونکە ”ئه‌وانه ناتوانن نوێنه‌ری كورد بن، ئه‌وانه ده‌توانن بۆ خۆیان فەرمانبەر بن، به‌ڵام به نوێنه‌ری خۆمان قەبووڵیان ناكه‌ین".
گوتیشی: هەر کوردێک لە کابینەکەی عەلاوی ببێتە وەزیر، بێ ئەوەی لایەنە کوردییەکان و حکوومەتی هەرێم کاندیدی بکات، ڕه‌نگه خراپتر له (تەها محێدین) سه‌یری بكه‌ین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.