لهراگهیاندراوێكدا قایمقامیه‌تى قه‌زای ناوه‌ندی سلێمانى بڵاوی كرده‌وه كه به‌هۆی پابه‌ند نه‌بونیان به رێنماییه‌كانی ژوری خۆپارێزی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی پێنج كافتریا داده‌خات و خاوه‌نه‌كانیشیان روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی توند ده‌كاته‌وه.
قایمقامیه‌تى قه‌زای ناوه‌ندی سلێمانى رایدهگهێنێت ، له‌ئه‌نجامی سه‌ردان و پشكنینه به‌رده‌وامه‌كانی لیژنه هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانی بۆ به‌دواداچونی جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كانی ژوری خۆپارێزی ڤایرۆسی كۆرۆنا له دوكان و بازاڕ و شوێنه گشتییه‌كانی شاری سلێمانی، ده‌ركه‌وتوه پێنج كافتریا به پێشكه‌ش كردنی نێرگه‌له بۆ كڕیاره‌كانیان سه‌رپێچییان كردوه.
ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه به‌مه‌به‌ستی خۆپارێزی له‌نه‌خۆشی كۆرۆنا، له‌لایه‌ن لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه بڕیار دراوه له كافتریا و ئه‌و شوێنانه‌ی تێیدا ده‌كێشرێت نێرگه‌له قه‌ده‌غه بكرێت چونكه ده‌بێته هۆی دروستبونی قه‌ره‌باڵغی، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه دروست ده‌كات.
لهكۆتادا رایده‌گه‌یه‌نن ، له دو رۆژی رابردودا و به‌هۆی سه‌رپێچیكردن له رێنماییه‌كانی خۆپارێزی، له‌لایه‌ن لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت و به‌هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ته‌ندروستی، ڤێتێرنه‌ری، چاودێری بازرگانی، گه‌شتوگوزار و ئاسایشی سلێمانی (32) كافتریای نێرگه‌له كێشان داخراوه و خاوه‌نه‌كانیشیان روبه‌ڕوی رێكاری یاسایی ده‌كرێنه‌وه.
دارشتنهوهى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.