Erbil 38°C دووشەممە 04 ئایار 20:32

لێژنه‌ى باڵای فه‌توا: ئه‌وانه‌ی به‌ ڤایرۆسی کۆرۆنا گیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن شه‌هیدن

نوێژی هه‌ینى راناگیرێت
کوردستان TV
100%

ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌ 3 ى 3 ى 2020 ،  لێژنه‌ى باڵای فه‌توای هه‌رێمی كوردستان له‌كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا  به‌ئاماده‌بوونى سه‌رۆك و ته‌واوی ئه‌ندامان  وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ خۆپاراستنی له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشی كۆرۆنا  ئه‌م بڕیارانه‌ درا: 

یەکەم: ئەرکی شەرعییە کە هاووڵاتیان بەوردی پابەندی تەواوی رێنماییە تەندروستی و ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن تایبەت بە خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا.

دووەم: بەپێی شەرع ناتوانرێت لە ئێستا وتاری هەینی مزگەوتەکان رابگرێت، تەنیا لەو شوێنانەن نەبێت کە بە دڵنیاییەوە نەخۆشییەکەی لێ بڵاوبووەتەوە و دەبێتە (پەتا)، دەکرێت بەشێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی ڤایرۆسەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەوقاف و تەندروستی و لێژنەی فەتوای سنوورەکە نوێژی بە جەماعەت و وتاری هەینی رابگرن.

سێیەم: کۆبوونەوەی ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی دیکە وەک (ئیسڕا و میعراج، مەولوودخوێندنەوە، ئاهەنگەکانی بووکگواستنەوە، مەراسیمی پرسەدانان) بە پێویستییەکی شەرعی دەزانین و لەم بارودۆخەدا لە هەموو شوێنێک رابگیرێن، لە پرسەدا تەنیا بەشداری شووشتن و نوێژکردن و ناشتنی تەرمەکان بکرێت، لە سەر گۆڕستان کۆتایی بە پرسەکە بهێندرێت.

چوارەم: ئەوانەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیان لەدەستدەدەن پلەی شەهیدیان هەیە لایەنی پەیوەندیدار بەرپرسە لە رێکارەکانی بەخاکسپاردنی بەپێی ئەحکامەکانی شەریعەتی ئیسلام.

پێنجەم: ئەو کەسانەی نەخۆشن یان مەترسی تووشبوونیان هەیە دەتوانن ئەو ماوەیە تا نەخۆشییەکە دەڕوات بەشداری نوێژی هەینی و جەماعەت نەکەن.

شەشەم: پێویستە سەرجەم چالاکییەکانی تایبەت بە وانەگوتنەوەی ئایینی شەوانە و رۆژانە لە مزگەوتەکان و تەواوی ناوەندەکانی فێرکردنی قورئان و بابەتەکانی ئایینەکانی دیکە لەم قۆناغەدا هاوشێوەی قوتابخانەکان رابگیرێت.

حەوتەم: سەردانی نەخۆش نەکرێت و چ لە ماڵەوە یان لە نەخۆشخانە ، بە تەلەفۆن یان بە نامە ئەم سوننەتە ئەنجام بدرێت.

هەشتەم: هەموو ئەوانەی لەو وڵاتانە گەڕاونەتەوە کە ڤایرۆسەکەی تێدایە بە تایبەت لە ئێرانەوە، واجبێکی شەرعییە کە بە زووترین کات سەردانی لایەنی پەیوەندیدار بکەن بۆ پشکنین و دڵنیابوونەوە لە نەخۆشییەکە و پاراستنی خۆیان و خێزان و هاووڵاتیان بە پێچەوانە گوناهبار دەبێت.

نۆیەم: هەر کەسێک گومانی ئەم ڤایرۆسە لە خۆی بکات، حەرامە تێکەڵی و سەردانی خەڵک بکات ، تەنانەت بۆ (جومعە و جەماعەت) تیش بێت، بەڵکو پێویستە بەزووترین کات سەردانی لایەنی پەیوەندیدار بکات.

دەیەم: داوا لە وتاربێژە بەڕێزەکان دەکەین لەو ماوەیەدا وتاری هەینی کورت بکەنەوە، هەروەها پاکوخاوێنی مزگەوتەکان زیاتر رابگیرێت و ئامۆژگاری هاووڵاتیان بکەن و دەستنوێژەکانیان لە ماڵەوە ئەنجام بدەن.

 

دارشتنه‌وه‌ى هه‌واڵ - شوان عه‌زیز

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.