Erbil 38°C پێنجشەممە 05 ئازار 20:59

ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان وه‌ڵامی لاهور جه‌نگی ده‌داته‌وه‌

روونکردنەوەیەک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
کوردستان TV
100%

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، له‌ ژێر ناونیشانی "روونکردنەوەیەک لە سەر تاوان و خیانەت و کارە نایاساییەکانی لاهور جەنگی" وه‌ڵامی لاهور جه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و تێیدا هاتووه‌: لاهور جه‌نگی خۆی و براکانی زیادەڕۆییان لە سەر ژیانی تایبەتی خەڵک کردووە و بە تیرۆر وکوشتن چەندین خانەوادەی وەک خوالێخۆشبوو ئامانج بابانیان لەناو بردووە.

ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه‌:-

ماوەیەکی زۆرە لاهور جەنگی لە چوارچێوەی کار و ڕێنماییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەرچووە، بەداخەوە بە هۆی باروودۆخی تایبەتی هەرێمی کوردستان و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم و دوورکەوتنەوە لە گرژی، نەتوانراوە لەچوارچێوەی یاسا و رێساکانی ئەنجوومەنی ئاسایش رێکار و سزای پێویست لەبەرامبەری بگیرێتە بەر. 

ناوبراو توانا ماددی و مرۆڤییەکانی بەشێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی بۆ بەرژەوەندیی شەخسیی و پتەوکردنی پێگەی خۆی لە ناو حیزبەکەی و هەروەها بەدەستخستنی سوودی ماددی بەکارهێناوە. ناوبراو هێز و چەکداری سەر بەئەنجوومەنی ئاسایشی وەک هێزێکی تایبەت بە خۆی بۆ چاوسورکردنەوە و ترساندن و تۆقاندنی خەلک و سەندنی سەرانە لە کۆمپانیا و سەرمایەداران و کاری قاچاخیکردن لە سەر سنوورەکان بەکار هێناوە. لە ماوەی ڕابردووشدا وێڕای مەترسیی پەتای کۆرۆنا, له‌ پێناو دەسکەوتی ماددی کاری بە قاچاخ هێنانی خەلک و کەلوپەلی پەرە پێداوە و وێڕای پێشێل کردنی ڕێنماییەکانی خالە سنوورییەکان مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی تەندروستیی هاووڵاتیان درووست کردووە.

هەروەها ناوبراو لە دەرەوەی رێنماییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش تۆرێکی پەیوەندیی گوماناویی لەگەل زۆر لایەنی دەرەکی دروست کردووە و بە بێ ئاگاداریی لایەنە پەیوەندیدارەکان و لە پرۆسەیەکی گوماناویدا دەستیشی تێکەل بە بازرگانی و گواستنەوەی چەک وتەقەمەنی کردووە.  لاهور جەنگی لەوەشی تێپەڕاندووە خۆی و براکانی زیادەڕۆییان لە سەر ژیانی تایبەتی خەلک کردووە و بە تیرۆر وکوشتن چەندین خانەوادەی وەک خوالیخۆشبوو ئامانج بابانیان لەناوبردووە.

لە کاتێکدا کە دەبووایە تواناکانی دامودەزگا هەواڵگرییەکان بە ئاراستەی دەرەوە و بۆ دوورخستنەوەی هەڕەشەکان بێت، لاهوری جەنگی ئەو توانایەی بۆ دروستکردنی بەڵگە و گرتە ڤیدیۆیی لە سەر ئەندامانی حیزبەکەی بەکار هێنا تاکو لە یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوخۆییەکانیاندا وەک کارتی فشار بەکار بهێنێت. لاهور و براکانی چەندین باندی مافیایی سیخورییان پێکهیناوە بۆ سیخوری کردن بەسەر کەسایەتییە ئیداری و کۆمەلایەتی و سیاسییەکان و هەروەها پارتە کوردستانییەکان و تەنانەت ئەندامانی ناو خودی یەکێتی نیشتمانیش. 

هەموو ئەم سەرپێچی و تاوانانەی لەلایەک و ئەوجا خیانەتی گەورەی ١٦ی ئۆکتۆبەریش لەلایەک. 

لەم چەند مانگەی دواییشدا کە حکومەتی هەرێم دەستی بە رێکخستنەوەی کاروباری دەروازە سنوورییەکان و کاروباری کۆمپانیا نەوتییەکان لە سنووری گەرمیان کرد، لاهور جەنگی هەستی کرد سنوورێک بۆ بەرژەوەندییە ماددییە ناشەرعیەکانی خۆی و براکانی دادەنرێت ، بۆیە دەستیان بە دروستکردنی لەمپەر بۆ هەنگاوەکانی چاکسازیی حکومەت لەم بوارانەدا کرد و لە سایت و پەیجەکانی خۆی هێرشی بۆ سەر حکومەت و پرۆسەی چاکسازی دەست پێکرد. 

لە ژێر رۆشنایی ئەم هەموو تاوان و سەرپێچی و کارە نایاساییانەی لاهور جەنگی ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە کاتی ئەوە هاتووە رێکاری پێویست بگیرێتە بەر و کۆتایی بە خراپ بەکارهێنانی هێز و توانا هەواڵگری و ئەمنییەکان بهێنرێت. کاتی ئەوەیە ئەو کەسانەی یاسا پێشێل دەکەن و دژی بەرژەوەندیی نیشتمان و هاووڵاتیان هەڵسوکەوت دەکەن ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە. 

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.