Erbil 38°C پێنجشەممە 05 ئازار 21:07

وەزیری ناوخۆ زیان لێکەوتووانی لافاوەکەی دهۆک بەسەر دەکاتەوە

وەزیری ناوخۆ لەگەڵ پارێزگاری دهۆک کۆبووەوە
کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ هەینی، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ فەرهاد ئەتروشی، پارێزگاری دهۆک کۆبووەوە.

جگە لە قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووانی لافاوەکە، رێکارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.

رۆژی پێنجشەممە 19-3-2020، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کەسێکی 50 ساڵی لە دهۆک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە.

پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەزیری ناوخۆی راسپارد سەردانی دهۆک و زاخۆ بکات بۆ ئەوەی زیان لێکەوتووانی لافاوی چەند رۆژی رابردوو، بەسەر بکاتەوە.

دوای دروستبوونی لافاو لە گەڕەکی بەڕۆژکێی دهۆک و لە زاخۆ و زیانگەیشتن بە هاووڵاتییان، مەسرور بارزانی بڕیاری تەرخانکردنی بڕی دوو ملیار دیناری بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان لێکەوتووەکان، دا.

وەزیری ناوخۆ سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوی دهۆک تەرخانکرابوو رایگەیاند" ئەو پارەی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوی دهۆک تەرخانکرابوو رادەستی پارێزگارمان کردووە".

سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی ئەو پارەیەی کە بۆ زیانلێکەوتووانی دهۆک تەرخانکراوە، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ گوتی "لە چەند رۆژی داهاتوودا پارێزگار ئەو پارەیە دابەشدەکات بەسەر زیانلێکەوتوواندا".
 
وەزیری ناوخۆ لەبارەی ئەگەری دواخستنی ساڵی خوێندن ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا بیریان لەو ئەگەرە نەکردووەتەوە و هیوادارن پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچێت و نەفەوتێت.
 
سەبارەت بە پرسی کەمکردنەوەی مووچەش، رێبەر ئەحمەد جەختی لەوە کردەوە "نیازی کەمکردنەوەی مووچەمان نییە".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.