Erbil 38°C ھەینی 20 شوبات 15:44

پارێزگاری سلێمانی: تەنها لە حاڵەتی زۆر پێویستدا نەبێت نەیەنە دەرەوە

لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی كۆبووه‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%


بۆ/ هەموو یەکە کارگێڕیی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی بابەت/ گشتاندن

پارێزگاری سلێمانی هۆشداری لە بەرزبوونەوەی ژمارەی توشبووانی كۆرۆنا دەدات و لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگاكەش بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، چەند بڕیارێك دەردەكات.

ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، بە سەرپەرشتی د.هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی و بە ئامادەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆبۆوە. لە كۆبوونەوەكەدا بەوردیی گفتوگۆو هەڵسەنگاندن بۆ میكانیزم و ڕێكارەكانی باشتر خۆپارێزیی‌و چارەسەرسازیی پەتای كۆرۆنا كرا.

لە كۆتاییدا بڕیار لەسەر ئەم خاڵانە دران و پێویستە هەموو لایەك بەتەواوی پابەندبن بە جێبەجێکردنیانەوە:

١- بەپێی ئاماژە تەندروستیەكان، ئێستا لە قۆناغێكی هەستیارو زۆر مەترسیداری بڵاوبوونەوەو تووشبوونی پەتای كۆرۆناداین، بۆیە پێویستە هەموولایەك باشترو وردترو بە هەناسەیەكی درێژترەوە لە ماڵەكانیاندا بمێننەوەو لەڕووی تەندروستی‌ و خۆپارێزییەوە خۆیان بۆماوەیەكی درێژتر لەوەی چاوەڕواندەكرا ئامادە بكەن، ڕێكاری یاسایی توند بەرامبەر هەر كەسێك دەگیرێتەبەر، كە پابەندی ڕێنماییە تەندروستی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییەكان نەبێت.

٢- پێویستە هاووڵاتیان چ بە پێ‌ چ بە ئۆتۆمبێل و هەر هۆكارێكی تر، هاتنە دەرەوەو هاتووچۆكردن بەتەواوی ڕابگرن‌ و تەنها لە حاڵەتی زۆر پێویستدا نەبێت نەیەنە دەرەوە، بەپێچەوانەوە ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەوكەسانەش دەگیرێتەبەر كە ڕەوشی قەدەغەكردنی هاتووچۆ لە هەر شوێنێكدا تێكبدەن (كۆڵان، گەڕەك، شەقام، شارو شارۆچكەكاندا).

٣- بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەبەردەوامیی زانیاریی‌و ڕێنمایی دروست‌و ڕاست بەشێوەیەكی شەفافانەو ئاشکرایانە لەسەر ڕەوشی پەتاكەو كەیسەكان‌و دۆخی تەشەنەسەندنی بڵاودەكاتەوە، تەنها سەرچاوەی بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییانە دەبێت لە سنوری پارێزگای سلێمانیدا، بەتایبەتی كە لایەنی تەندروستی لە عێراق‌و هەرێمدا متمانەی تەواویان بە ڕێكار‌و پشكنینەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی بەخشیوە، متمانەی تەواوتان بە ڕێكارو ئاكامی پشكنینەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی هەبێت.

٤- هەموو لایەك ئاگادار دەكەینەوە ژمارەی تووشبووان لە هەڵكشاندایە، بۆئەوەی ئێوە نەبن بە یەكێك لەو تووشبووانەو دەرفەتی چارەسەركردن بە تووشبووەکان ببەخشن، پێویستە لە ماڵەكانتاندا بمێننەوەو پەیڕەوی ڕێنماییە تەندروستیەكان بكەن، كە تەنها چارەسەری سەرەكیی ئەم پەتایەیە.

٥- ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەر هەر كەسێكدا لە هەر پلەوپایەو پۆستێكدا بێت دەگیرێتەبەر، گەر دەستبخاتە ناو كاری دامودەزگا تەندروستیەكانەوە، هیچ جیاوازییەك لەنێوان هیچ كەسێكدا ناكرێت‌و كەرتی تەندروستی بە ئەمانەتەوە خزمەتی هەموو كەسێك دەكات.
٦- یەكە كارگێڕییەكان لە سنوری پارێزگای سلێمانی ڕاسپێردران بە هەماهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكاندا ڕێوشوێنی كاركردن لە بوارەكانی (خواردنی خێرا، نۆڕینگەكان) دیاریبكەن.

٧- هەر هاتووچۆیەكی پێویست لەنێوان یەكە كارگێڕییەكاندا لە سەعات (١٢)ی شەو بۆ (٦)ی بەیانی دەبێت‌و هیچ مۆڵەتێكی ڕێگەپێدان لەنێوان یەكە كارگێڕییەكاندا ناكرێت، بە ئاگاداریی ڕاستەوخۆی پارێزگای سلێمانی نەبێت.

٨- بڕی پێویستی (سوتەمەنی، خۆراك، پێداویستیە سەرەكیەكان، سەوزەو میوە) دابین كراون‌و ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان بەردەوامن، یەكە كارگێڕییەكان لەڕێی لیژنەكانیانەوە چاودێری وردی نرخ و كوالێتی و قەبارەی خستنەڕوویان دەكەن‌و هەركەسێك هەوڵی قۆرخكاریی‌و شاردنەوەی كاڵا بدات، سزای یاسایی توند دەدرێت.
٩- لیژنەی ئارامیی یەكە كارگێڕییەكان ڕاسپێردران، لەسەر بنەمای پێشهاتە نوێكانی ئەم پەتایە، پلان‌و ڕێكاری نوێ‌ بۆ باشتر خزمەتكردنی هاووڵاتیان‌و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان دابڕێژنەوە.

١٠- نەخۆشخانە ڕاوێژكارییەكانی (ددان) لە سلێمانیدا ڕۆژانە بەدرێژایی (٢٤) سەعات خزمەتگوزاریی پێشكەش دەكەن‌و ئەم نەخۆشخانانە بەردەوام كراوە دەبن (پیرەمێرد، شۆڕش، فایەقی حاجی عەلی).

١١- تا ڕۆژی ٢٣/ ٣/ ٢٠٢٠ بازاڕی دراو و حەواڵە ناكرێتەوەو ڕێوشوێنی تەندروستی گونجاو بۆ ئەم بوارە دیاریدەكرێت.

١٢- بە هەماهەنگیی لەگەڵ فەرمانگەی داواكاری گشتیدا دەستبەسەر هەر مەڕوماڵاتێكی قاچاخدا دەگیرێت‌و بەهیچ شێوەیەك ناگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەنەكەی ‌و ڕێكاری یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەكەیدا دەگیرێتەبەر.

١٣- ڕێگا سەرەكییەكان تەسك‌و دیاریكراو دەكرێن‌و هاتووچۆ لە زۆربەی شەقام‌و ڕێگا سەرەكییەكانی ناوشاری سلێمانیدا ڕادەگیرێن.

١٤- هەر كەس‌و دەستەو لایەن‌و كۆمپانیایەك دەیەوێت ڕاستەوخۆ خۆی كاری خێرخوازیی بكات، پێویستە كارەكانی گواستنەوەو دابەشكردن بخاتە نێوان سەعات (١٢)ی شەو بۆ (٦)ی بەیانی و ڕێگە بە هیچ كەمپین‌و دیاریكردنی شوێنێك بۆ كۆكردنەوەی كۆمەك نادرێت.

١٥- بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی ڕاسپێردرا، بەرنامەی گونجاو و پێویست بخاتە بەردەستی كەرتی تایبەت بەمەبەستی ڕاهێنان‌و خۆئامادەكردنی كارمەندەكانیان بۆ پشتیوانیكردنی كەرتی گشتیی لە هەر دۆخێكی پێویستدا.

لەگەڵ رێزدا...

د.هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری سلێمانی
٢١/ ٣/ ٢٠٢٠

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.